بە مەرج
قەسابخانەی نوێی کەلار بۆ کرێ
964+
بەهرە محەمەدئەمین
شارەوانیی کەلار، قەسابخانەی نوێی کەلار بە مەبەستی چاککردنەوە و بە کرێدانی دەخاتە زیادکردنی ئاشکراوە، چەند مەرجێکیشی راگەیاندووە.
بە پێی نووسراوێک کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام رێکەوتی 21ی ئایاری لەسەرە، سەرۆکایەتیی شارەوانیی کەلار، بانگهێشتی گشت هاوڵاتیان، کۆمپانیا، سەرمایەدار و بازرگانان دەکات بۆ بەشداریکردن لەو زیادکردنە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، سەرۆکایەتیی شارەوانیی کەلار، قەسابخانەی نوێی شارەکە بە رووبەری هەشت هەزار مەتر دووجا، بۆ ماوەی سێ ساڵ بە کڕی دەدات.
نووسراوەکە دەڵێت، هەر لایەنێک ئارەزووی بەشداریکردنی هەیە با سبەی سێشەممە کاتژمێر 10:00ی بەیانی، سەردانی هۆبەی یاسا و گرێبەستەکان بکات لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی کەلار.
چەند مەرجێک لە نووسراوەکەدا وەک مەرجی بردنەوەی زیادکردنەکە بۆ بەشداربوون دانراوە، ئەوانیش، لە ئەستۆ گرتنی کۆی خەرجییەکانی ماوەی بەکرێدانەکەیە، لەگەڵ دانانی نیوەی پارەی خەمڵێنراوی ماوەی بەکرێدان کە دەکاتە حەوت ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار.
سۆران محەمەد، بەرپرسی پلاندانان لە شارەوانی کەلار بە 964ی وت، “جگە لەو مەرجانە، ئەو کەسەی زیادکردنەکە دەباتەوە، پێویستە پێش دەست بەکاربوون، قەسابخانەکە بە گوێرەی تێبینییەکانی شارەوانی کەلار و مەرجەکانی ڤێتێرنەری ، لەسەر ئەرکی خۆی نۆژەن بکاتەوە”.