"دەبێتە مەنهەج"

راهێنانی مامۆستایان بۆ فێربوونی شەترەنج دەستیپێکرد

964+

ژووری هەواڵ

ئەو مامۆستایانەی لە هەولێر وانەی وەرزش دەڵێنەوە فێری یاری شەترەنج دەکرێن، وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت، راهێنانەکان لە چوارچێوەی گرنگیدان بە وانەی وەرزش لە قوتابخانەکان لە پرۆسەی خوێندن و وانەی شەترەنج دەوترێنەوە.

راهێنانەکان بۆ فێربوونی شەترەنج دەستیانپێکردووە و رۆژی یەکشەممە 150 مامۆستا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر چونە نێو خولێکی سێ رۆژە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، فێرکردنەکە بەهەماهەنگی لەگەڵ یانەی شەترەنجی خانزاد سەرپەرشتی دەکرێت و لەکۆتایی خولەکاندا خەڵات و دیاری بەسەر مامۆستایاندا دابەشدەکرێت.

خولەکە رۆژانە چوار کاتژمێر دەوترێتەوە، د. دڵزار حەمەساڵح، سەرۆکی یانەی خانزاد بۆ شەترەنج، کە خاوەنی بیرۆکەکەیە، بە 964ـی راگەیاند، “بۆ ساڵی داهاتوو تەنیا بۆ قوتابیانی پۆلی حەوت دەبێتە مەنهەج و وەک وانەیەک دەوترێتەوە”.

بڕیارە لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێک لە وانەی وەرزش تەرخانبکرێت بۆ یاری شەترەنج. د. دڵزار حەمەساڵح دەڵێت، کتێبێک ئامادەکراوە کە وەک رێبەری دراوە بە مامۆستایانی وەرزش و خولەکان لەسەر ئەو کتێبە دەوترێنەوە.

لە هەولێر پاڵەوانیەتی شەترەنج بەڕێوەدەچێت

لە هەولێر پاڵەوانیەتی شەترەنج بەڕێوەدەچێت