لە کڕین نایەت
بڕیارەکەى حکومەت نەیتوانى نرخى گۆشت دابەزێنێت
964+
شۆڕش هەرکی — هەولێر
سەرەڕاى ئەوەى حکومەت لە مانگى سێ بڕیاریدا بە کەمکردنەوەى رسومات و باج لەسەر هێنانى ئاژەڵى هاوردە، بەڵام تائێستا نرخى گۆشت لە بازاڕدا گرانە و بڕیارەکە کاریگەرى نەبووە.
رۆژی چوارشەممە 27.3.2024 لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان چەند بڕیارێک دران، یەکێک لەوان کەمکردنەوەی رسومات بوو لەسەر هێنانی ئاژەڵی هاوردە بە رێژەی 50%.
بە وتەى ئازاد تاهیر کە گۆشتفرۆشێکى شارى هەولێرە و بۆ 964 قسەى کردووە، هۆکارى هەرزان نەبوونى گۆشت ئەوەیە کە بڕیارەکەى حکومەت نەیتوانیوە لە مەیدان گۆشت هەرزان بدات، وەک دەڵێت، تا لە مەیدان گۆشت هەرزان نەبێت، هاوڵاتیان ناتوانن لە بازاڕ بە هەرزانى بیکڕن.
عەلی زێڕۆ، گۆشتفرۆشێکی دیکەى هەولێرە بە 964ـى وت، نرخی ئاژەڵ لە مانگى سێی ئەمساڵەوە هەروەک خۆیەتی و هەرزان نەبووە، ئەگەر هاوڵاتییەک پێشووتر دوو کیلۆ گۆشتی بکڕیایە، ئێستا نیو کیلۆ گۆشت دەکڕێت.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، لە بارەى هەرزان نەبوونى نرخى گۆشت بە 964ـى وت، بڕیارەکە جێبەجێکراوە و بەتێکڕای بۆ هەر کیلۆیەک گۆشت هەزار بۆ 1500دینار دابەزیوە، بەڵام ئێستا گۆشت لەهەموو وڵاتانی دراوسێ گرانبووە، ئەمە هۆکاری سەرەکییە تاوەکو ئێستا کاریگەری تەواوی لەسەر نرخی گۆشت نەبووە، لەهەرێمی کوردستان.
بۆ ئەمڕۆ شەممە نرخی گۆشت لە بازاڕ بەمشێوەیەیە:
یەک کیلۆ گۆشتى گۆلک نەرمە 18هەزار
یەک کیلۆ گۆشتى گۆلک بەئێسک 14هەزار
یەک کیلۆ گۆشتى بەرخ 22 هەزار
یەک کیلۆ گۆشتى مەڕ 15هەزار
پێداچوونەوە: وریا فەتاح