"شەو لە سەرەدا دەخەوم و جێگاوبانم لەناو سەیارەدا داناوە"
شۆفێرانی شارەزوور داوا لە کاربەدەستان دەکەن چارەیەک بۆ وەرگرتنی بەنزینی 750 دیناری بدۆزنەوە
بڕوا مەجید – شارەزوور
سەرەگرتن بۆ بەنزینی 750 دیناری لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بەردەوامە و لە شارەزووریش وەزعەکە خراپترە، شۆفێران بۆ ماوەیەکی زۆر ماتڵ دەبن و هەندێک جاریش بەریان ناکەوێ، بۆیە دوو رۆژە فێربوون بۆ ئەوەی دەنگیان بگات، رێگای شارەزوور بۆ هەڵەبجە دادەخەن.
پەیوەند لوقمان لەناو سەرەکەدا قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “لە کاتژمێر 12ـی شەوی رابردووەوە لێرەم و لێرەش خەوتووم، ئەوە جێگاوبانم لەناو سەیارەکەمە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو رۆژێک تا کاتژمێر 7ـی بەیانی دەست بە دابەشکردنی بەنزین ناکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا شۆفێرانی ژن نایەنە سەرەوە و ئەوەش بارگرانییەکی دیکەیە بۆ ئێمە.
شۆفێرانی شارەزوور داوا لە قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە دەکەن، هەرچۆنێک بێ چارەیەک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزنەوە.
سەبارەت بەو بابەتە 964 قسەی لەگەڵ نزار موسا لێپرسراوی لیژنەی سووتەمەنی لە قایمقامیەتی قەزای شارەزوور کرد، ئەو وتی، “نۆرەگرتن بۆ بەنزنی 750 دیناری تەنیا لە قەزای شارەزوور نییە و لە هەموو شوێنەکان وایە، پێشتر پشکی شارەزوور 36 هەزار لیتر بەنزین بوو، ئێستا کەمکراوەتەوە بۆ 25 هەزار لیتر، بۆیە زۆر جار ئەو قەرەباڵغییە دروست دەبێت”.
هەر دوای گردبوونەوە و ناڕەزایی شۆفێران، ئەمڕۆ قایمقامیەتی سەیدسادق چەند رێنماییەکی دەرکرد و بڕیاریدا بەنزینی 750 دیناری تەنیا بە کارتی زانیاری دابەش بکرێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری