چایخانەیە یان سینەما
ئامێری گرامافۆنی لایە ئەوەندە گرانە پێنج بۆ شەش خانوو دەکات
كاروان ساڵحی – كەركوك
دانیشوویەکی کەرکوک لەپاڵ چایخانە بچووکەکەیدا گەنجیەکەکی گەورەی لە ئامێرە و کاسێتیە سینەماییە قەیمەکان پاراستووە، سەرەڕای دەورانی چەرخ و هاتنی ئامێری نوێ، بەڵام ئەو گەوهرانە هێشتا چێژی خۆیان لەدەست نەداوە.
رۆژانە لە چایخانەکەی ئەو کە دەکەوێتە بەرامبەر قەڵای کەرکوک، دۆست و ئەربابەکانی سینەما کۆدەبنەوە و لەناوخۆی خۆیان کاسێتەکان بەیەکتر دەفرۆشنەوە کە لە رێگەی گرامافۆن “مەکینە” نمایش دەکرێن.
دلێر حەمید خاوەن چایخانەکەیە، ئەو بە دلێر قزلەری ناسراوە، وا 55 ساڵ تەمەن دەکات و دەڵێ، لە ساڵی 1979 وە خولیای سینەما و فیلم بووە، لە ساڵی 1984 دەستی كردووە بە كۆكردنەوەی ئامێرەكانی سینەما و نەیهێشتووە بفەوتێن.
ئەو ئامێرە سینەمایانەی كە هەیەتی بە كاسێتی 8 میلم و 16 میلم و 35 میلمە و سەرجەمیان كار دەكات، ئێواران لەگەڵ ئەهلی سینەما و پیاوانی قەیم كۆدەبنەوە لە چایخانەكە و دۆست و هاورێ، کاسێتەکان بەیەکتری دەفرۆشنەوە.
ساڵانە دوو بۆ سێ جار ئەوانەی بەغدا كە خولیایی ئەو ئامێرانەن دێن بۆ كەركوك ، یەكێک لەو ئامێرانەی لە چایخانەکەی دڵێرە هی سەردەمی سینەما خەیامی كەركوكە، ئێستاش هەندێك فیلم هەن نرخەكەی 600 دۆلارە لە كەركوك، نەك تەنیا لە عێراق بەڵكو لە ئەوروپاش گرانن و دەگاتە 2 هەزار دۆلار.
دلێر دەڵێ، ئامێری 35 میلیمەكە لە سەردەمی خۆی نرخەکەی دوو بۆ سێ هەزار دینار بوو، كە ئەوكاتە پێنج بۆ شەش خانووت پێ دەكڕی، بەڵام ئێستا نرخەکەی دەگاتە دوو هەزار و 200 دۆلارە و وەک دەیگێڕێتەوە، سەردەمی ئەوان خۆشترین ساتەکانیان لە سینەما بەسەربردووە و فیلمی یابانی و هیندی زۆرترین بینەریان هەبووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا