لە دوێنێوە ونە

شه‌ش غه‌واس به‌ دوای مامۆستا ئایینییه‌كه‌ی به‌رده‌ڕه‌شدا ده‌گه‌ڕێن

964+
زەید کۆچەر-دهۆک

مامۆستایه‌كی ئایینی له‌ سنووری قه‌زای به‌رده‌ڕه‌ش له‌ دوێنێوه‌ ونه‌ و كه‌س چاره‌نووسی نازانێت، ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ كه‌وتبێته‌ ئاوه‌وه‌ و خنكابێت، سه‌رچاوه‌یه‌كیش به‌ 964ی راگه‌یاند، شه‌ش غه‌واس له‌ زێی گه‌وره‌ به‌ دوای چاره‌نووسی مامۆستاكه‌دا ده‌گه‌ڕێن.
مامۆستا ئایینییه‌كه‌ ناوی “ئ.ق” و له‌ دوێنێ ئێواره‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی راوكردنی ماسی له‌ گوندی خارووكی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی داره‌توو له‌ قه‌زای به‌رده‌ڕه‌ش چووه‌ته‌ ده‌م رووباری زێی گه‌وره‌ و دواتر دیار نه‌ماوه‌.

عه‌قید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوه‌بەری گشتیی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ بە 964ی وت، “لە دوێنێوە ئاگاداری بابەتەکەین و ئەمڕۆ بەیانی شەش غەواسمان ناردووە بۆ شوێنی رووداوەکە، بەڵام هێشتا روون نییە ئایا کەوتووەتە ناو ئاوه‌كه‌ یان نا، به‌ڵام له‌ نزیك ئاوه‌كه‌ چوپ و پێلاوەکانی بینراون و ئاوه‌كه‌ش زۆر به‌خوڕه‌ و غه‌واسه‌كان به‌ زه‌حمه‌ت گه‌ڕانیان ده‌ستپێكردووه‌”.

سیداد عه‌بدولستار، هاوڵاتییه‌كی گوندی داڵەڕێیە لە سنووری قەزای بەردەڕەش بە 964ی وت، “دوێنی چوپ و پێلاوەکانی لەگەڵ ئاو هاتبوو گوندەکەمان و خۆیشی سۆراغی دیار نییە و ئێمە پێشبینی دەکەین کەوتبێتە ناو ئاو و خنکابێت، بەڵام تا ئیستا سۆراغی دیار نییە و جێگایەکەی زۆر قورسە، ته‌نانه‌ت بۆ غه‌واسه‌كانیش”.

هه‌روه‌ها کەمال حوسێن قادر، خزم و کەسی مامۆستا ئایینییه‌كه‌یه‌، بە 964ی وت، تا ئیستا سۆراغی مامۆستا نییه‌ و دوێنی له‌ لای ئاوی زێی گەورە بینراوه‌، داوا لە هەموو کەسێك دەکەین هەر شتێکی لێ بزانن ئاگادارمان بکەنەوە.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، مامۆستاكه‌ مه‌لای گوندی خارووكه‌، به‌ڵام بەهۆی نەساغییه‌وه‌ دوو مانگێکە كاری مەلایەتی جێهێشتووه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

لە گوندێکی کۆیە کوڕو باوکێک خنکان

لە گوندێکی کۆیە کوڕو باوکێک خنکان