"سزا دەدرێن"
لیژنەی تەندروستی راپەڕین: کەمتەرخەمییەک هەبووە و چاوپۆشی لێناکەین
فەرمان مەلاحەسەن – راپەڕین
سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوون بۆ کەیسی بریندارانی رووداوە هاتوچۆکەی سنووری راپەڕین باس لەوە دەکات، کەمتەرخەمییەک هەبووە و چاوپۆشی لێناکەن.
د. سەفەر حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی راپەڕین و سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوون بۆ کەیسی بریندارەکان بە 964ـی وت، “راستە لەناو سەنتەری تیشک گیانلەدەستدان رووی نەداوە، بەڵام کەمتەرخەمییەک هەبووە و چاوپۆشی لێناکەین و رێکاری یاسایی دەگرینەبەر”.
باسی لەوەشکرد، بەپێی بەدواداچوونەکانی ئەوان لەنێوان دەوامی بەیانیان و دەوامی خەفەریات، کەمتەرخەمی هەبووە و کەسی کەمتەرخەم هەر کەسێک بێت، سزا دەدرێت.
نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 23.6.2026، لە رێگاى نێوان رانیە بۆ قەڵادزێ و لە نزیک دەربەندى رانیە، رووداوێکى هاتوچۆ روویدا و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسیش بریندار بوون کە دوو لە بریندارەکان رەوانەى سەنتەرى تیشکى رانیە کران و لەوێ بۆ ماوەى نزیکەى یەک کاتژمێر لە چاوەڕوانى کارمەند و پزیشک مانەوە و کەس نەهات بەدەمیانەوە.
پێداچوونەوە: هەژان هادی