کێڵگەیەکی گەنم لە کاتی دروێنە کردنیدا. وینە 964
دوو ئاگرکەوتنەوە هەبووە
حەوت رێنمایی لە کشتوکاڵی هەولێرەوە بۆ رێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە
ژووری هەواڵ
کشتوکاڵی هەولێر حەوت رێنمایی بەمەبەستی رێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە لە دەغڵودانەکانی سنوری پارێزگاکە بڵاوکردەوە و داوا لە جوتیاران و خاوەن دەراسەکان دەکات پابەندبن.
ئەمڕۆ هەینی 24.5.2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر بە 964ـی راگەیاند، رێنماییەکان بەمەبەستی گرتنەبەر رێکاری پێشوەختەیە و دەیانەوێت رێگری لە کەوتنەوەی ئاگر بکەن لەکاتی پرۆسەی دروێنەکردن.
وتیشی،”تائێستا دوو رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دەغڵودانی جوتیارانی هەولێر روویداوە، یەکێکیان ئەمڕۆ بەهۆی هەورەبروسکەوە بووە و ئەوەی دیکەشیان بەهۆی دروستبوونی شۆرتی کارەبا کەوتووەتەوە”.
رێنماییەکان ئەمانەن:
1 – پێویستە ئامێری ئاگر کوژێنەوە CO2 (شەش کیلۆیی) لەناو دەراسەکاندا هەبێت.
2 – نابێت بە هیچ شێوەیەک کرداری لەحیم کردن لە ناو کێلگەی گەنم و جۆ ئەنجام بدرێت.
3 – وشیار بوونی شوفێری دەراسە لە کاتی بوونی هێلی کارەبا لە ناو کێلگە.
4 – چاککردنی رێگای نێوان توخوبەکان و رێگای چوون بۆ سەر زەوییەکان بۆ ئاسان گەیشتنی تیمەکانی بەرگری شارستانی.
5 – پێویستە هەر دەراسەیەک بە بەردەوامی تانکەرێک ئاوی بە پڕی لەگەڵدا بێت لە کاتی ئیش کردندا و ترومپای ئاوی لەسەر بێت، بۆ ئەوەی لە کاتی روودانی هەر ئاگرێک بتوانن بە زووترین کات هەوڵی کونترۆل کردنی بدەن.
6 – شوفێری دەراسەکان خۆیان بە دوربگرن لە جگەرە کێشان ئەگەر کێشای نابێت فڕێی بداتە ناو کێلگەکان.
7 – هەبوونی ژمارەی تەلەفۆنی بنکەکانی بەرگری شارستانی و تەلەفۆنە پێویستەکانی تر: تەلەفۆنی بەرگری شارستانی : 115 و 125 تەلەفۆنی فریاگوزاری سنوورەکە: 122
بە وتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر، نزیکەی یەک ملیۆن دۆنم زەوی لە پارێزگاکە بە گەنم چێندراون.