شەش رۆژ تێپەڕیوە

هێشتا تەرمی منداڵە خنکاوەکەی چۆمان نەدۆزراوەتەوە

964+

بەهرە محەمەدئەمین

گەڕان بەدوای تەرمی ئەو منداڵەی لە ئاوی روباڕی چۆمان خنکا، بەردەوامە، بەڵام هیچ سۆراغێکی نییە، مەلەوانە شارەزاکەی تەقتەقیش دەڵێت، 40 رۆژی پێویستە.

منداڵەکە ناوی ئەیهانە و هەینی رابردوو کەوتە ئاوی رووبارێکی شارۆچکەی گەڵاڵە لە چۆمان، لەوکاتەوە تا ئێستا کە شەش رۆژ تێپەڕیوە سەرەڕای گەڕانی بەردەوامی تیمەکان، هێشتا نەدۆزراوەتەوە.

زانا بەکر، مەلەوانە بە ئەزموونەکەی تەقتەق، کە یەکێکە لەو مەلەوانانەی بەشدارە لە گەڕان بەدوای ئەیهاندا، بە 964ی وت، “بەهۆی بارانبارینی بە هێز، ئاوەکە بووە بە لافاو و قوڕاو، بۆیە ئەمڕۆ نەمانتوانی دریژە بەگەڕان بدەین، چاوەڕێین سبەی ئاستی ئاوەکە داببەزێت و روون ببێتەوە تا دەست بە گەڕان بکەینەوە”.

وتیشی، “لەبەر خێرایی و ساردی ئاوەکە، دۆزینەوەی زەحمەتە، هەموو کەس ناوێرێ بچێتە ئاوەکەوە”.

بەقسەی زانا بەکر، “بەهۆی بچوکی تەمەنییەوە دۆزینەوە تەرمی ئەیهان قورس بووە، لەگەڵ ئەوەی هیوادارین زووتر بیدۆزینەوە بەڵام 35-40 رۆژی پێویستە تا خۆی سەر ئاو بکەوێت.

رۆژی 17 مانگ کە ئەیهان کەوتە ئاوەکەوە، سۆرانی باوکیشی بۆ رزگار کردنی خۆی هەڵدایە ئاوەکەوە و خنکا، بەڵام هەر زوو تەرمەکەی دۆزرایەوە.

تەرمی منداڵە خنکاوەکەی ئاوی چۆمان هەر بێ سۆراغە

تەرمی منداڵە خنکاوەکەی ئاوی چۆمان هەر بێ سۆراغە