گرافیکی توندوتیژی بەرامبەر ژنان - وێنە: ئاژانسەکان
لە شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان
پیاوێک هاوسەرەکەی خۆی بە 100 چەقۆ کوشت
964+
پێشەوا محەمەد
لە شاری ئەیوانی سەر بە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان پیاوێک هاوسەرەکەی خۆی کوشتووە، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت، 100 چەقۆی لە ژنەکەی داوە.
بەپێی زانیاریی رێکخراوەکە بێت، کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، رووداوەکە رۆژی یەکشەممەی رابردوو بووە.
ژنەکە ناوی ئارەزوو حەسەنی بووە، هاوسەرەکەی لە ماڵەکەی خۆیاندا ئەو کارەی کردووە.
هەنگاو لە رێگای سەرچاوە بڕواپێکراوەکانی خۆیەوە ئاگادار کراوەتەوە، کە ئارەزوو حەسەنی بە پاساوی پاراستنی نامووس و شەرەف لە لایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە.
ئاماژە بەوەش دراوە، “بکوژ تەرمی هاوژینەکەی لە سندووقی ئۆتۆمبێلەکەی خستووە و بردوویەتی بۆ بنکەی پۆلیس” و خۆشی رادەستی پۆلیس کردووە.
ئاماری رێکخراوەکە روونیدەکاتەوە، ساڵی رابردوو 122 ژنکوژی لە ئێراندا تۆمار کراوە، کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لە لایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی ئەو ژنانەوە ئەنجامدراوە.