بە دوو سەردانی جیاواز

نێچیرڤان بارزانی و سودانی بۆ پرسەی رەئیسی دەچنە تاران

ئەحمەد مستەفا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بەشداری شاندێکی بەرپرس لە هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق بە شاندێکی جیاوازتر، لە دوو رۆژی داهاتوو دەچنە تاران، ئەوەش بۆ بەشداری لە پرسەی سەرۆک کۆماری ئێران و یاوەرەکانی.

ئەمڕۆ سێشەممە 21.5.2024، دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، “ئەو شاندەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەچێتە تاران بەرپرس و پلە باڵان، ئامانجەکەش ئەوەیە بە کرداری بەشداری لە پرسەی سەرۆک کۆماری کۆچکردووی ئێران بکەن”.

ئەمڕۆ لە هەولێر و سبەی لە سلێمانی لە کونسوڵگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، پرسە بۆ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری کۆچکردووی ئێران، وەزیری دەرەوە و یاوەرەکانیان دانرا، کە رۆژی 19.5.2024 لە ناوچەی زورفەقانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات بە “رووداوێکی ئاشکرانەکراوی فەڕمی” هێلیکۆپتەرەکەیان کەوتەخوارەوە و سەرجەم سەرنشینەکان کە نۆ کەس بوون گیانیان لەدەستدا.

هاوكات بەپێی بڵاوکراوەی میدیا فەرمییەکانی عێراق، سبه‌ینێ چوارشه‌ممه‌، محەمەد شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ره‌و تارانی پایته‌ختی ئێران به‌ڕێده‌كه‌وێت بۆ به‌شداریكردن له‌ مه‌ڕاسیمی به‌خاكسپاردنی سه‌رۆك كۆماری ئێران.