رێگری دەکات

هەرێمی کوردستان بۆ تای خوێنبەربوون کەوتەخۆی

964+

بەهرە محەمەدئەمین

وەزارەتی کشتوکاڵی کوردستان شەش رێکاری بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون بڵاوکردەوە و دەڵێت، بۆ هەموو هەرێمی کوردستانە.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، رێکارەکان لە پێناو رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، کە ئێستا لە هەندێک لە پارێزگاکانی عێراقدا بڵاوبووەتەوە.

لە رێکارەکاندا، وەزارەت بە تەواوی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئاژەڵ رێکخستووەتەوە و دەڵێت، بەر لە سەربڕین و دوای سەربڕینیش پێویستە پشکنین بۆ ئاژەڵەکان ئەنجام بدرێت، سەربڕینیان لەسەر شەقام و کۆڵانەکاندا قەدەغەیە.

بە پێی راگەیەندراوەکە، قڕنە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوونە، بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پێویستە هێنانی ئاژەڵ لەو پارێزگایانەی نەخۆشییەکەیان تێدا بڵاو بووەتەوە، رابگیرێت.

بە گوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى کشتوکاڵی عێراق، لە ئەمساڵدا 40 حاڵەتى تووشبوون و پێنج حاڵەتى گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگاکانى بەغدا، نەینەوا، زیقار و بابل تۆمار کراون، کە زۆرترینیان لە زیقارن.

پێنج کەس لە عێراق بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە گیانیان لە ...

پێنج کەس لە عێراق بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە گیانیان لە دەست داوە

هەر بە پێی ئامارەکانی وەزارەتەکە، ساڵى رابردوو 545 حاڵەتى توشبوون و 70 حاڵەتى گیانلەدەستدان لە پارێزگاکانی عێراق هەبووە.

شەش رێکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ رێگری لە تای خوێنبەربوون، ئەمانەن:

یەکەم: پێویستە سەربڕینى ئاژەڵان لە سەربڕخانە فەرمییەکان بێت، بەپشکنین و مۆری فەرمی ڤێتەرنەرییەوە بکەوێتە بازاڕ و سەربڕین لە سەر ڕێگا، شەقام و لاکۆڵانەکاندا قەدەغەیە.
دووەم: پشکنینى پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بۆ ئاژەڵەکان بکرێت بەمەبەستی دڵینابوون لە تەندروستییان.
سێیەم: پێویستە ڕێکارە تەندروستییەکان لە پۆشینی جلوبەرگی تایبەتمەند و بەکارهێنانى کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکان ڕەچاو بکرێت.
چوارەم: لە خاڵە سنوورى و فڕۆکەخانەکان، پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکرێت کە دێنە ناوهەرێمی کوردستان بۆ دڵنیابوون لە تەندروستییان.
پێنجەم: وەزارەت ڕێکاری پێویست دەگرێتە بەر بۆ دابینکردنی دەرمانی شووشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆر (قڕنە)، کە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشی تای خوێنبەربوونە لە نێوان ئاژەڵەکان و ئەم هەڵمەتە هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
شەشەم: کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی بازرگانیی ئاژەڵان بە شێوەی نافەرمی لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێم و عێراقی فیدراڵ، هەروەها ڕێگەگرتن لە هێنانی ئاژەڵی ئەو پارێزگایانەی کە نەخۆشییەکە تیایاندا بڵاو بووەتەوە.

دوو حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمار کرا

دوو حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمار کرا