فڕۆکەکە هەر لە ئاسمان تێکشکاوە و پارچە پارچە بووە
زانیاری نوێ و نەبیستراو لە بارەی هۆکاری کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکەی سەرۆکی ئێران
+964
ژووری هەواڵ
رۆژ بەرۆژ زانیاری نوێ بڵاودەبێتەوە لە بارەی هۆکاری کەوتنە خوارەوەی کۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی کۆچکردووی ئێران، دواهەمینیان ئەوەیە کۆپتەرەکە هەر لە ئاسمان بووە و نەگەیشتووەتە سەر زەوی کە بەتەواوی تێکشکاوە، هێشتا هۆکارەکەی روون نییە و تەمومژاوییە.
دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە لە رووداوەکە، بەڵام هیچ زانیارییەک ئاشکرا ناکرێت، بۆیە ئەوەی تائێستا هەیە پشت دەبەستێت بە شیکاری شارەزایانی سەربازی.
عەقید سەلام ئەسعەد، عەقیدێکی خانەنشینی کوردە لە سوپای عێراق، پسپۆڕی فڕۆکەوانی جەنگی و شارەزای سەربازییە، لە دوێنێوە بە وردی تەماشای وێنەو ڤیدیۆی کۆپتەرە تێکشکاوەکەی کردووەو بەپێی ئەوەی بەدیکردووە بە 964ی وت: ”کۆپتەرەکەی سەرۆکی ئێران هەر لە ئاسمان تێکشکاوەو پارچە پارچە بووە، جۆری تێکشکانەکەی گومان هەڵدەگرێت”.
ئەم لێکدانەوەیەی عەقید سەلام پشت دەبەستێت بە تێگەیشتن لە جۆری فڕۆکەکەو ئەندازیاری فڕۆکەوانی، دەڵێت ”ئەگەر دیقەت بدەن کلکی کۆپتەرەکە لە لەشەکەی لێبووەتەوەو بە ساغی کەوتووەتە سەر زەوی، پارچەکەنی تر بە تەواوی وردبوون و بەشی زۆری لاشەی کۆپتەرەکە سوتاوە، ئەم حاڵەتە تەنیا لە کاتێکدا روودەدات کۆپتەرەکە لە ئاسماندە تێکبشکێت و پاشان بکەوێتە سەر زەوی”.
بە تێگەیشتنی ئەو شارەزایەی بواری فڕۆکەوانی دوو گومان هەیە بۆ ئەم حاڵەتە: یەکێکیان فڕۆکەکە تەقێندرابێتەوەو دووەمیشیان بەهۆی هەڵەی فڕۆکەوانەکەوە روویدابێت.
عەقید سەلام ئەسعەد لە قسەکانیدا بۆ 964 وتی ”بەپێی شارەزایی خۆم من زیاتر بۆ گومانی دووەم دەچم کە هەڵەی فڕۆکەوانەکەیە، ئەو جۆرە کۆپتەرانە کۆپتەری دوو پەروانەی، پەروانە درێژن و ئەوەندە بەهێزن بەر هەر شتێک بکەون دەیبڕن، بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوەیە دەشێ فڕۆکەوانەکە لە کاتی شڵەژاندا جوڵەیەکی هەڵە بکات و پەروانەکەی بەر لاشەی کۆپتەرەکە بکەوێت، بە تێگەیشتنمان بۆ وێنەکان پەروانەکە داوێتی لە لاشەی کۆپتەرەکەو بەشی پشتەوەی لێ کردەووەتەوە، ئەم حاڵەتانە پێشتر لەگەڵ ئەو جۆرە کۆپتەرانە روویانداوە”.
ئەو شارەزا سەربازییە باسی ئەوە دەکات: کۆپتەرەکە لە جۆری Bell 212ی ئەمریکییە، ئەم جۆرانە لە ساڵانی شەستەکان دروستکراون و لەشەڕی ڤێتنام بەشدارییان پێکراوە، ساڵانی دواتر گەشەیان پێدراوە، ئەمەی ئێران خاوەنیەتی ساڵی 1998 لە کەنەدای کڕیوە، دواتریش چەند دانەیەکیان لە کۆپتەری سەربازییەوە گۆڕاون بۆ کۆپتەری مەدەنی و هەندێ چاکسازییان تێداکراوە، ئەم سێ دانەیە لە پۆلە فڕۆکەکەی سەرۆکایەتی کۆماربوون هەم لەرووی تەکنیک و هەم لەرووی ناوەخنەوە دەستکاری کراون ”جۆرە سەربازییەکەی ئەم کۆپتەرە شوێنی دانیشتنی زۆر ناڕەحەتە، بەڵام لە وێنەکانی پێش کەوتنە خوارەوەیدا دەردەکەوێت ئەمانە لە ناوەوەش دەستکاری کراوەن، کورسییەکانیان نەرمە و ناوەکەی فەرشکراوە، ئەمە تەنیا بۆ جموجۆڵی سەرۆک کۆمارو سەرکردە باڵاکان تەرخانکراوە” عەقید سەلام وای وت.
سەرەڕای ئەوەی پێی وایە ئەم رووداوە بە هۆی هەڵەی فڕۆکەوانەکەوە روویداوە، بەڵام پسپۆڕەکەی قسەی بۆ 964 کرد گریمانەکانی دیکەش بە کراوەیی دەهێڵێتەوە، ”بەدوور نازانێرێت دەستێکی دەرەکی لەو تێکشکانەدا هەبووبێت”.
ئەمە گومانەش هۆکاری خۆی هەیە، ئەو بە پشت بەستن بە پڕۆتۆکۆڵە فڕۆکەوانییەکان شیدەکاتەوە، لە فڕینی بە پۆلی کۆپتەر بەتایبەتی کە کەسایەتی گرنگیان هەڵگرتبێت، کۆپتەرەکان لەباری ئاسۆیی یاخود ستونی تەنیا 50 مەتر لەیەک دوور دەبن، چونکە پارێزگاری لە ئامانجێکی گرنگ دەکەن، بەڵام ئەوەی سەیرە لەم فڕینەدا یەکێک لە کۆپتەرەکان بەشێوەیەکی کتوپڕ ئاڕاستەکەی خۆی گۆڕیەوەو دوایی گەڕاوەتەوە ناو پۆلەکە.
عەقید سەلام ئەسعەد دەڵێت ”لە فڕینی پۆلە کۆپتەردا بە تەواوی قەدەغەیە هیچ کامێکیان ئاڕاستەو مەودای خۆی بگۆڕێت، چونکە رێڕەوە ئاسمانییەکە پێشتر دیاری دەکرێت و دەشێ هەر لەڕێ لادانێک ببێتە مایەی ئەوەی تێکەڵی ئاڕاستەیەکی دیکەی فڕین ببن، بەڵام بە ڕوانین لە تۆمارەکانی فڕین، ئەوە روون دەبێتەوە یەکێک لە کۆپتەرەکان لە پڕ لە ئاڕاستەی خۆی لایداوەو ئینجا گەڕاوەتەوە سەر هێڵەکەی، دەشێ ئەمە بۆ خۆ دەربازکردن بووبێت لە زریان یان تەمومژ، یان هۆکاری دیکەی گوماناوی هەبێت، لەوە سەیرتر ئەوەیە چۆن ئەو دوو کۆپتەرەی تر یەکی 50 مەتر لە کۆپتەرە لێقەوماوەکەوە دوور بوون، کەچی کە کۆپتەری سەرۆک کەوتووە پەیامی بەهاناوەچوونیان نەناردووە، یاخود ناردوویانەو دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ئێران دەیشارێتەوە”.
لای عەقید سەلام ئەوەی روویداوە جێی سەرسووڕمانە، دەڵێت ”ئەمە فڕۆکەی سەرۆکە، خۆ فڕۆکەی ئەفسەرێک نییە، لە فڕۆکەی سەرۆکدا دەبێت GPS هەبێت، هەروەها فڕۆکەکە بەتەواوی گرێ بدرێتەوە بە هەموو رادارەکانی ناوچەکە، تیمێکی پسپۆڕ سات بەسات چاودێری بکەن، ئەگەر لە هەر وڵاتێکی تر کۆپتەری سەرۆک بکەوێت، ئەوان لە ماوەی چەند خولەکێک یان ئەوپەڕی چەند سەعاتێکی کەم تیمی فریاگوزار دەیدۆزنەوەو دەگەنە شوێنی رووداوەکە، نەک وەک ئەوەی ئێران سەرۆکیان لێ ون ببێت و نزیکەی 16 سەعاتیان پێ بچێت”.
عەقید سەلام ئەسعەد ئۆباڵی یەکەمی رووداوەکە دەخایە ئەستۆی هێزی ئاسمانی ئێران، چونکە ئەوان بەرپرسن لەجموجۆڵی فڕۆکەوانی ”ئەگەر ئەم کارە بە هۆی کەمتەرخەمییەوە بێت یان بە ئەنقەست، لە هەردوو بارەکەدا خەتای هێزی ئاسمانی ئێرانییە، ئێران بەردەوام شانازی دەکات بە گەشەسەندی ئاستی درۆن و موشەکەکانی، کەچی لەم رووداوەدا ناچاربوو داوای کۆمەک لە روسیا و تورکیا بکات”.
پاشنیوەڕۆی دوێنێ یەکشەممە 19.05.2024 هەواڵ هات کە کۆپتەرەکەی سەرۆکی ئێران دیار نەماوە، دوای 16 کاتژمێر ئینجا تیمە فریاگوزارییەکان دۆزیانەوەو گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، ئەو کات زانیان هەموو سەرنشینەکانی کۆپتەرەکە تیاچوون.
کۆپتەرە لێقەوماوەکە نۆ کەسی هەڵگرتبوو: ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆمار، حسێن ئەمیر عەبدولەهیان وەزیری دەرەوە، مالک رەحمەتی پارێزگاری ئازربایجانی رۆژئاوا، محەمەد عەلی ئال هاشم ئیمامی تەبرێز و نوێنەری رابەری ئێران، مەهدی موسەوی بەرپرسی دەستەی پاسەوانی سەرۆکی ئێران، جگە لە مانەش پاسەوانێکی و فڕۆکەوان و یاریدەدەری فڕۆکەوان و ئەندازیاری تەکنیکی هەبوون.