سەرەداوی نوێ ئاشکرا بوو

وردەکاری کۆپتەرەکە زۆر نهێنی لە بارەی گیان لەدەستدانی سەرۆکی ئێران دەردەخات

964+

ژووری هەواڵ

هێشتا تەمومژی دەوری رووداوی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکەی سەرۆک کۆماری ئێران نەڕاویوەتەوەو نازاندرێ هۆکارەکەی چیبووە، بەڵام یەکێک لە گریمانە بەهێزەکان ئەوەیە خەتای کۆنی فڕۆکەکە بووبێت.

ئاژانسێکی پاکستانی کە وا دەردەکەوێت شارەزایی باشی هەبێت لە کاروباری سەربازی، هەندێ زانیاری ورد لەبارەی کۆپتەرەکەوە ئاشکرا دەکات.

کۆپتەرەکە لە جۆری Bell 212ی ئەمریکییەو ساڵی 1994 دروستکراوەو ئەمساڵ تەمەنی بووە 30 ساڵ بە ژمارە 9207-6 تۆمارکراوەو سیریاڵ نەمبەری لە کۆمپانیای دروستکار بریتییە لە 35071.

ئەم کۆپتەرە بۆ گەشتەکانی تەنیا پشت دەبەستێت بە VFR واتە ئامێری فڕۆکەوانی پێشکەوتووی تێدا نییەو تەنیا بەچاوێ فڕۆکەوانەکەو تیمەکەی بەڕێوەدەچێت، لەتوانایدا هەیە شەش سەرنشین هەڵبگرێت.

بەهۆی ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر ئێران، کۆمپانیای بەرهەمهێن کارەکانی چاککردنەوەی راگرتووەو پارچەی یەدەگیشی دەست ناکەوێت.

جۆری بزوێنەرەکەی لەوانەیە کە بۆ باری ستوونی لەناکاو لەبەر نییە، واتە بۆ ناوچەیە کە بەرزی و نشێوی زۆری تێدابێت دەست نادات و نەشتوانێت گەشتی درێژخایەن بە سەرنشینی زۆرەوە ئەنجام بدات.

مەزەندە دەکرێت بەو تەمەنەوە کۆپتەرەکە زیاتر لە 10 هەزار کاتژمێر فڕیبێت، بۆیە ئەو بزوێنەرە توانای هەڵگرتنی ئەو لاشە گەورەیەی کۆپتەرەکەی نەماوە.
سەرەڕای ئەمانە ئاژانسەکە بەشێکی ئۆباڵەکەی دەخاتە ئەستۆی تیمی فڕۆکەوانی، بەو پێیەی چۆن دەبێت لەو بارودۆخەدا بەو جۆرە کۆپتەرە بفڕن، لەکاتێکدا ئەو سێ کۆپتەرەی پێکەوە بوون لە پۆلی فڕینی کۆمارین و سەرۆکی وڵاتیان هەڵگرتووە.

964 ساغکردنەوە بۆ وێنەی ئەو فڕۆکەیە دەکات کە گوایە رەئیس...

964 ساغکردنەوە بۆ وێنەی ئەو فڕۆکەیە دەکات کە گوایە رەئیسی تیادا بووە

هەر ئەمڕۆش محەمەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران، حکومەتی ئەمریکای تۆمەتبارکرد بەو رووداوە، بەو پێیەی گەمارۆی خستووەتە سەر پارچەی فڕۆکەکەو دەمێکە نوێ نەکراوەتەوەو ماندوو بووە، ئەمەش یەکدەگرێتەوە لەگەڵ لێکدانەوەی ئاژانسە پاکستانییەکە.

لەبەرامبەردا هەندێ لە پسپۆڕانی سەربازی ئەم “بیانووە” بە ناڕاست دەبینن و دەڵێن دەوڵەتی ئێران شانازی دەکات بەو پێشکەوتنانەی لە بواری فڕۆکەوانیدا بەدەستی هێناوە، فڕۆکەو درۆنی وەها دروست دەکات کە لە جیهاندا کەم وێنەیەو دەوڵەتێکی وەک روسیا بۆ شەڕی ئۆکرانیا پشتی پێ دەبەستێت، چۆن دەبێت نەتوانێت چاکسازی لە کۆپتەری سەرۆکەکەیدا بکات.

پاشنیوەڕۆی دوێنێ یەکشەممە 19.05.2024 هەواڵ هات کە کۆپتەرەکەی سەرۆکی ئێران دیار نەماوە، دوای 16 کاتژمێر ئینجا تیمە فریاگوزارییەکان دۆزیانەوەو گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، ئەو کات زانیان هەموو سەرنشینەکانی کۆپتەرەکە تیاچوون.

کۆپتەرە لێقەوماوەکە نۆ کەسی هەڵگرتبوو: ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆمار، حسێن ئەمیر عەبدولەهیان وەزیری دەرەوە، مالک رەحمەتی پارێزگاری ئازربایجانی رۆژئاوا، محەمەد عەلی ئال هاشم ئیمامی تەبرێز و نوێنەری رابەری ئێران، مەهدی موسەوی بەرپرسی دەستەی پاسەوانی سەرۆکی ئێران، جگە لە مانەش پاسەوانێکی و فڕۆکەوان و یاریدەدەری فڕۆکەوان و ئەندازیاری تەکنیکی هەبوون.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران وردەکاری کەوتنی فڕۆکەکەی ر...

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران وردەکاری کەوتنی فڕۆکەکەی رەئیسی دەگێڕێتەوە