کۆبوونەوەی خۆڵ لەو چەند رۆژەدا کە کۆمپانیاکە کاری نەکردبوو - وێنە: شارەوانیی بازیان
کۆمپانیایەکی نوێ کاردەکات
دوای چەند رۆژێک کێشەی کۆمپانیای پاککەرەوەی بازیان چارەسەر کرا
964+
پێشەوا محەمەد
بەهۆی تەواوبوونی گرێبەستی کۆمپانیای پاککەرەوە، خۆڵ و خاشاکێکی زۆر لە ناوەندی قەزای بازیان کۆبووبووەوە، کۆمپانیایەکی نوێ گرێبەستی کرد و بازیان و دەوروبەری پاککرایەوە.
پێشتر کۆمپانیای شکار ئەرکی پاککردنەوەی قەزای بازیانی لە ئەستۆ بوو، بەڵام لەمڕۆوە کۆمپانیای خالید شینکی ئەرکی پاککردنەوەکەی گرتووەتە ئەستۆ.
نەوزاد جەلال، سەرۆکی شارەوانیی بازیان بە 964ـی راگەیاند، حاڵەتێکی ئاساییە کە کۆمپانیای پاککەرەوە گرێبەستی تەواو بوو خۆڵ و خاشاک کۆببێتەوە، بەڵام دوای دەستبەکاربوونی کۆمپانیای دووەم هەمووی پاککرایەوە.
964 لە شارەوانیی بازیانەوە دەزانێت، لە سنووری شارەوانییەکەدا رۆژانە 20 تۆن خۆڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە و لە ناحیەی تەکیە دەخرێتە ژێر گڵ و دەشاردرێتەوە.
سەرۆکی شارەوانیی بازیان وتیشی، “هەموو رۆژێک کۆمپانیاکە سنووری شارەوانییەکە پاک دەکاتەوە و ناوبەناویش هەڵمەتی فراوان بۆ قەزاکە ئەنجام دەدات”.
سنووری شارەوانیی بازیان نزیکەی نۆ هەزار ماڵی تێدایە، جگە لە نزیکەی چوار هەزار خانووی پلاستیکی کشتوکاڵی و سەرجەمیان رۆژانە خۆڵ و پاشـاوەیان هەیە.