شیلک و خەیاریان تێدا کراوە

رێنمایی بە 20 خانووی پلاستیکی دوو جوتیار درا

کشتوکاڵی دوکان سەردانی 20 خانووی پلاستیکی دوو جوتیاریان کردووە لە ناحیەی پیرەمەگروون، خۆیان دەڵێن بۆ باشترکردنی بەرهەمەکانیان بووە.

ئەو 20 خانووە پلاستیکییە 12ـیان کراون بە شیلک و هەشتیان کراون بە خەیار.

نازە عومەر، لێپرسراوی هۆبەی خۆراک لە کشتوکاڵی دوکان بە 964ـی راگەیاند، پێشتر ئەو جوتیارانە داوای رێنماییان لێکردبوون و ئێستا بەرهەمەکەیان کردووە و بۆ رێنمایی زیاتریان و چاودێریکردنیان چوون.

وتیشی، “سەبارەت بە بەکارهێنانی دەرمان، چۆنێتیی بەخێوکردن و پاراستنی بەرهەمەکەیان لە نەخۆشی و هەروەها بەرهەمهێنانی بەرهەمێکی تەندروست روونکردنەوەمان پێداون”.

ئەو خانووە پلاستیکییانە لە گوندی گردەبۆرن لە ناحیەی پیرەمەگروون و هی خوشک و برایەکن.

“چاودێریکردن و جێبەجێکردنی رێنماییە کشتوکاڵییەکان گەرەنتیی بەرهەمێکی تەندروست و باش و دوور لە نەخۆشی بۆ جوتیار دەستەبەر دەکات”، ئەوەش قسەی نازە عومەرە.