قوتابیەک لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە تەماشای پرسیارەکان دەکات _ وێنە: 964
سبەی یەکەم تاقیکردنەوەیانە
رێکارەکانی سزای قۆپیەکردن بۆ پۆلە ناکۆتاکان ئاشکرادەبێ
964+
ئەحمەد مستەفا
سبەی یەکشەممە 19.5.2024، بۆ تاقیکردنەوە لە 11 بۆ 12 وانەی خوێندن، پۆلە ناکۆتاکانی دەیەم و یانزەیەمی ئامادەییەکانی هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەکانیان دەستپێدەکات.
بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بە 964ی وت، “بەپێی ماددە 83ی تاقیکردنەوەکان و بڕگەکانی یەکەم تا چوارەم، هەر قوتابی و مامۆستایەک بەشداری خەش یان قۆپییە بکەن، خوێندکارەکە دوو ساڵ و مامۆستاکەش لە قوتابخانە فەسڵ دەکرێ”، هەروەک باس لەو رێکارانەش دەکات کە بۆ رێگری لە چوونە ناوەوەی ئامێری قۆپیە کردن بۆ ناوەندەکانی خوێندن گیراونەتەبەر.
ئەو قوتابخانانەی کە لە 13.9.2024، دەوامی ئاسایی خۆیان دەستپێنەکرد بەهۆی بایکۆتی مامۆستاکانیانەوە، پێشتر وەزارەتی پەروەردە دەسەڵاتی بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکاندا، بۆ دیاریکردنی وادە بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم و دووەمی پۆلە ناکۆتاکان.
لەمەوبەدوا قوتابیان دەتوانن لەماڵەوە تاقیکردنەوە بەخۆیان بکەن
بەپێی ئامارێکی پەروەردەی گشتی سلێمانی، نزیکەی 380 هەزار قوتابی و خوێندکار لە پارێزگای سلێمانی بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن، هەروەها نزیكەی 40 چل هەزار خوێندكار لە قۆناغی 12ی ئامادەیی بەشداری لە تاقیكردنەوەی وەزاری خولی یەكەم دەكەن كە لە رۆژی 3.6.2024 دەست پێدەكات.
جگە لەوەی لە سنوری پارێزگای سلێمانی، 101 قوتابخانە و خوێندنگەی ناحکومی هەن، کە تێیدا 29 هەزار 555 خوێندکار دەخوێنن، هیچ گرفتێکیان نییە دەوام و تاقیکردنەوەیان ئاساییە.
ئەمڕۆ شەممە 18.5.2024، دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بە 964ی وت، “لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان، کۆمەڵێک رێکار باسکراون بۆ پاراستنی ئارامی و قۆپیەنەکردنی خوێندکاران لە ناوەندەکانی خوێندن، وە بەپێی رێنمایی وەزارەتی پەروەردە هەر مامۆستا و خوێندکارێک لە پڕۆسەی خەشکردن تێوەبگلێن، مامۆستاکە بە فەسڵکردن و خوێندکارەکە بە دوو ساڵ دوورخستنەوە سزا دەدرێن”.
پەروەردەی سلێمانی خاوەنی یەک هەزارو 408 قوتابخانەیە، کە رێژەیەکی قوتابخانەی ئامادەییەکانن، دڵشاد عومەر وتی، “پۆلەکانی دەیەم و یانزەیەمی هەردو بەشی زانستی و وێژەیی، لە 11 بۆ 12 ماددە تاقیکردنەوەکان ئەنجامدەدەن و ئیدارەی قوتابخانەکان ریزبەندییان کردووە”، وا بڕیارە رۆژی 30.5.2024 کۆتا تاقیکردنەوە ئەنجامبدرێ.