کرێکارى ناوێت
باخچەکانى حاجیاوا دەکرێن بە ئۆتۆماتیک
964+
بەهرە محەمەدئەمین
سیستەمی ئاودێری ئۆتۆماتیکی بۆ سەرجەم باخچەکانی قەزای حاجیاوا دادەنرێت، بە قسەی شارەوانی دەستپێکی قۆناغێکی گرنگ و دیاری جوانکردنی قەزاکەیە.
گوژمەی پرۆژەکە نزیکەی سەد ملیۆن دینارە و داهاتی فرۆشتنی زەویی روكنى سەرۆكایەتیی شارەوانیی حاجیاوایە.
ئەم پرۆژەیە بە شێوەی راستەوخۆ لەلایەن شارەوانی حاجیاوا بۆدوورگەی ناوەڕاستی شەقامی گشتی نێوان حاجیاوا- چوارقوڕنە بە درێژایی 5 کیلۆمەتر جێبەجێ دەکرێت.
ئاودێری ئۆتۆماتیکی سیستمێکە پێویستی بە کرێکار نیە و بۆ بەروار و ماوەی دیاریکراو رێکدەخرێت، تا دوای ئاودێری بەشێوەی ئۆتۆماتیکى (خودکار) قوفڵی ئاوەکان بگرێتەوە.
سوارە فەتاح، سەرۆکی شارەوانی حاجیاوا بە 964ـى وت، بەهۆی بێ کرێکارییەوە پەنامان بۆ ئەم سیستمە بردووە، هەر ئەمەش هۆکاربووە کە شەقامە تا ئێستا بێ سەوزاییە.
وتیشی،”دوای تەواوبوونی ئەم سیستمە، نەمام و سەوزایی بۆ شەقامەکە بە شێوەیەکی ئەندازەیی دادەنرێت”.
بە قسەی سوارە فەتاح، دەست بە دانانی سیستمی ئاودێری بۆ هەموو باخچەکانی حاجیاوا کراوە و لەسەر بودجەی بەکارخستنی شارەوانی هەر مانگێک بۆ یەکێک لە 26 باخچەکەی قەزای حاجیاوا دادەنرێت.
964دەزانێت دانانی ئەم سیستمە لەو شەقامە لە 30 تا 45 رۆژ دەخایەنێت.