چوارقوڕنە باری سووک دەبێت

وێستگەیەکی کارەبای مۆبایل بۆ حاجیاوا دادەنرێت

+964
ژێوار خدر – راپەڕین

ئەمڕۆ پڕۆژەی وێستگەیەکی مۆبایلی کارەبا بۆ حاجیاوا چووە جێبەجێکردنەوە، کە گرفتی کارەبای قەزاکە چارەسەر دەکات.

پرۆژەکە وێستگەی گۆڕینی کارەبایە نەوەک بەرهەمهێنانی کارەبا، واتە ئەو کارەبایەی لە هێڵەکانی وێستگە  بەرهەمهێنەرەکانەوە دەگوازرێتەوە لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە لە 133kvیەوە دەگۆڕێت بۆ 11kv، پاشان دەگاتە گەڕەک و کۆڵانەکانی قەزای حاجیاوا.

عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای راپەڕین، بە 964ی وت، ” قەزای حاجیاوا پێشتر هیچ وێستگەیەکی گۆڕینی کارەبای نەبووە و راستەوخۆ لە وێستگەی سەرەکی چوارقوڕنەوە کارەبای وەرگرتووە، ئەمەش کێشەی بۆ فیدەرەکانی وێستگەی چوارقوڕنە دروستکردووە، بە تایبەت لە وەرزی زستاندا”.

وتیشی،” بەهۆی فراوانبوونی قەزاکەوە چەند ساڵێکە لە هەوڵداین بتوانین وێستگەیەکی مۆبایل بۆ حاجیاوا دابین بکەین. بەڵام لەبەر قەیرانی دارایی بۆمان جێبەجێ نەدەکرا”.

ئەم پرۆژەیە کە بە گوژمەی (7،136،000،000 ) حەوت ملیار و سەد و سی و شەش ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەزارەتی کارەبا جێبەجێ دەکرێت، دەتوانێت شەش فیدەری کارەبا بۆ ناو گەڕەکەکانی قەزاکە دابین بکات.

وێستگەکە یەکێکە لە وێستگەکانی پڕۆژەی دانانی سێ وێستگەی (25MVA) کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دادەنرێن، پلان وایە لەلایەن کۆمپانیای (مادۆ) لە ماوی ساڵێکدا تەواو بکرێت و چارەسەری بارزۆری وێستگەی کارەبای چوارقورنە و کەمی کارەبای قەزاکە بکات.

پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین

کارەبای گەرمیان دوو پیکابی دەوێت بۆ گەیاندنی کارەبا بە...

کارەبای گەرمیان دوو پیکابی دەوێت بۆ گەیاندنی کارەبا بە 24 گوند