لە حاسڵاتەوە

یەپەژە: پلانێکی داعشمان پوچەڵکردەوە

964+

ژووری هەواڵ

یەکینەکانی پاراستنی ژن لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند توانیویانە پلانێکی گەورەی داعش بۆ هێرشکردنە سەر شاری رەقە پوچەڵ بکەنەوە، هێزەکەی یەپەژە چوار چەکداری داعشیان گرتووە لەگەڵ چەند بەڵگەنامەیەک کە وردەکاری هێرشەکەی تێدا بووە.

پەکەکە رایگەیاند لە ئاڤاشین و زاپ و مەتینا چەند هێرشێکیان ئەنجامداوە بۆ سەر بنکەکانی سوپای تورکیا، بە چەکی سوک و قورس لە سەنگەرەکانیان داوەو لە هەندێ شوێن کامێرای چاودێری و ئامێری هەستەوەریان تێک شکاندووە.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن: دوێنێ لە بەندیخانەی ناوەندی ئیلام سزای لە سێدارەدان بەسەر دوو کەسدا جێبەجێکراوە کە یەکێکیان 60 ساڵ و ئەوەی دیکەیان 21 ساڵ بووە

ئەمڕۆ لە زۆربەی شارەکانی رۆژئاوای کوردستان چالاکی هونەری و رۆشنبیری گەورە بەڕێوەچوو بۆ یادکردنەوەی رۆژی زمانی کوردی، ئاهەنگی هەرە گەورە لە قامیشلۆ ئەنجامدراو بە دەیان کەس بەشدارییان تێداکرد.

ئاژانسی ئەنادۆڵۆی تورکیا دەڵێت: ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە لە قەندیل و گاراو خواکوڕک هێرشیان کردووەتە سەر گەریلاکانی پەکەکە، بەهۆی ئەو هێرشەوە 12 گەریلا گیانیان بەخشیوە، بەڵام تائێستا پەکەکە ئەم زانیارییەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

میدیا ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران دەڵێن بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری کەرەج کەسێک بەناوی خەسرەو بەشارەت لە سێدارە دراوە کە چواردە ساڵە لە زینداندا ماوەتەوە، بەشارەت لەگەڵ شەش کەسی تر پێکەوە سزادرابوون، بەڵام پێشتر شەش کەسەکەی تر حوکمەکەیان جێبەجێ کرابوو.