هیچ زیانێکی گیانیی نەبوو

ماڵی هاوڵاتییەک لە کۆمەڵگەی خاڵخاڵان سووتا

ژێوار خدر

شەوی رابردوو لە کۆمەڵگەی خاڵخاڵانی سنووری ناحیەی شوان، ئاگر لە ماڵی هاوڵاتییەک کەوتەوە و تیمەکانی بەرگری شارستانی توانیان بێ هیچ زیانێكی گیانی بەشێکی ماڵەکە لە سووتان رزگار بکەن.

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی کۆیە رایگەیاند، کاتژمێر 11:35 خولەکی شەوی رابردوو 19.11.2026، کارمەندانی بنکەی بەرگری شارستانی قەرەناو لە بوونی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی ماڵی هاوڵاتییەک لە کۆمەڵگەی خاڵخاڵان – قەڵاتە ئاگادار کراونەتەوە.

دەشڵێت، دوای ئاگادارکردنەوەیان، کارمەندانی بنکەی بەرگری شارستانی قەرەناو بە هاوکاری بنکەی تەق تەق بە زووترین کات گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە بەشێکی ماڵەکە لە سووتان رزگار بکەن، رووداوەکەش هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی مادی بەر ماڵەکە کەوتووە.