بۆ یەکەم جارە جۆرە درەختێکیان چاند

دەروازەى مەخمور بە درەخت سەوز دەکرێت

وریا فەتاح

شارەوانى مەخمور هەڵمەتى سەوزکردنى شارەکەى دەستپێکردەوە لە دەروازەى شار زیاتر لە 350 نەمام و درەختیان ناشت.

ئەو درەختانەى لە دەروازەى مەخمور – هەولێر چێنراون، 300 مۆرتک و 50 درەختى سیسەم و 50 نەمامى جۆراو جۆر لە خۆى دەگرێت.

زیرەک حەسەن، سەرۆکى شارەوانى مەخمور بە 964ـى وت،”لەبەر ئەوەى ئەو دەروازەیە ژمارەیەک کارگەى گەچى لێن، لە ساڵانى رابردوو هەر درەختێکى دەمان رواند بەهۆى تەپووتۆزەوە لەناو دەچوو و بەرگەى نەدەگرت، بەڵام بە ئەزمونکردنى مۆرتک و درەختى سیسەم دەرکەوت کە گونجاون و دەتوانن بەرگە بگرن بەتایبەت درەختى سیسەم کە یەکەمجارە دەیچێنین “.

“چاودێرى شێوازى پێگەشتنى ئەو دارانە دەکەین و لە رێگەى تەنکەرەوە ئاومان بۆ دابینکردوون و چاومان لەسەریان دەبێت”، سەرۆکى شارەوانى مەخمور واى وت.

هەرچەندە شارەوانى مەخمور تائێستا نازانێت رێژەى سەوزایى لە شارەکەدا چەندە، بەڵام وەک ئەوەى سەرۆکى شارەوانییەکەیان دەڵێت، لەچاو ساڵانى رابردوو رێژەکەمان بەرز کردووەتەوە و خەڵکیش هۆشیارى زۆرى پەیداکردووە بۆ چاندنى گوڵ و درەخت و نەمام.

شارەوانى مەخمور لە 2024دا تائێستا، زیاتر لە یەک هەزار و 200 درەختى چاندووە، پلانیشیان هەیە بەردەوامبن و رێژەکە بەرز بکەنەوە.