پێویستیان بە هەولێر نامێنێت

ئامێرێکی گرنگ بۆ نەخۆشخانەی شەقڵاوە دابین دەکرێت

964+

بەهرە محەمەدئەمین

ئامێری لەرەلەری موگناتیسی کە بە MRI ناسراوە بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری شەقڵاوە دابین دەکرێت، بۆیە چیتر نەخۆشانی دەڤەرەکە پێویستیان بە هەولێر نامێنێت.

موحسین قەسرۆکی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی نەخۆشخانەى فێرکارى شەقڵاوە بە 964ـى وت، ساڵێک زیاترە داوای ئەم ئامێرەمان کردووە، چونکە نەخۆشخانەکەمان رۆژانە پێویستی بەم ئامێرەیە بەهۆی وردی لە ئەنجامدانی پشکنین.

وتیشی،”هەردوو قەزای شەقڵاوە و هەریر بە سەرجەم ناحیە و گوندەکانیانەوە لەگەڵ بالیسان سوودمەندی سەرەکی دەبن و پێویستیان بە سەردانی هەولێر نامێنێت، چونکە لە کاتی لەکار کەوتنی ئامێرەکەى ئەوانیش یاخود هەر گرفتێکی دیکە دانیشتوانی خەلیفان و سۆرانیش سەردانی شەقڵاوە دەکەن”.

بەگوێرەی نوسراوەکەی ئەنجومەنی وەزیران، تێچووی ئەم ئامێرە دوو ملیار و 500 ملیۆن دینارە، کاتی گەیشتنی بۆ نەخۆشخانەکەش دیارینەکراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت بەم زوانە بگاتە نەخۆشخانەکە.

964 دەزانێت، رۆژانە 500-600 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی شەقڵاوە دەکەن.

ئامێری (MRI) ئامیرێكی پزیشكییە، لەرەی موگناتیسی و شەپۆلی رادیۆیی بەکار دەهینێت بەمەبەستی پشكنین و بەدەستهێنانی وێنەی تەواو ووردی كەللەسەر و سەرجەم ئەندامەكانی دیكەی جەستە.

ئامێرێکی گرنگ بۆ نەخۆشخانەی شەقڵاوە دابین دەکرێت

نەخۆشخانەی منداڵانی راپەرین بووە خاوەنی 15 ئامێری ئینک...

نەخۆشخانەی منداڵانی راپەرین بووە خاوەنی 15 ئامێری ئینکوبێتەر