وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و سه‌ندیكای پزیشكان قسه‌یان هه‌یه‌

به‌دواداچوون بۆ لایڤی تیكتۆكی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی هه‌ولێر چی به‌سه‌رهات؟

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

تۆڕی 964 به‌دواداچوونی بۆ ئه‌م ڤیدیۆیه‌ كرد، كه‌ كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو لە ژووری نەشتەرگەری نەخۆشخانەی میهرەبانی له‌ هەولێر تۆمار كرا و کارمەندێکی ژووری نەشتەرگەری ڵایڤی تیکتۆکی کرده‌وە، تەنانەت تەمەنی نەخۆشەکەش بۆ بینەران ئاشکرا دەکات، بۆ ئه‌مه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و سه‌ندیكای پزیشكانی هه‌ولێری سه‌رنجی خۆیان خسته‌ڕوو.
بە پێی بڕیاری وەزارەتی تەندروستی، ئەم کارە رێگەپێدراو نییە، 964 لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی قسه‌ی كرد و له‌مباره‌یه‌وه‌ د.سه‌ركار سورچی، وته‌بێژی وه‌زاره‌ت بۆ 964 قسه‌ی كرد و رایگه‌یاند، “وه‌زیری ته‌ندروستی و ئێمه‌ش ڤیدیۆكه‌مان بینی، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه‌ نه‌بوو كه‌ ئیجرائات بكه‌ین، چونكه‌ ڤیدیۆكه‌ دووره‌ و پاراستنی تایبه‌تمه‌ندی نه‌خۆش پێشێل نه‌كراوه‌، ته‌نانه‌ت رووخساری دكتۆره‌كانیش دیار نین، بۆیه‌ پێمان باش نه‌بوو ئیجرائات بكه‌ین”.
وتیشی، ئه‌م كاره‌ رێگه‌پێدراو نییه‌ و نابێت دووباره‌ بكرێته‌وه‌، له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ و له‌ هه‌ر نه‌خۆشخانه‌یه‌كی دیكه‌ بێت، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئیجرائات ده‌كه‌ین”.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌، د.عیماد موحسین شێروانی، جێگری سه‌رۆكی لقی هه‌ولێری سه‌ندیكای پزیشكان، دوای ئه‌وه‌ی ڤیدیۆكه‌ی بینیوه‌، به‌ 964ی وت، دیاره‌ كه‌ ستافی نه‌شته‌رگه‌ری ڤیدیۆكه‌یان وێنه‌ گرتووه‌، له‌ رووی یاساییه‌وه‌ ئێمه‌ ته‌نیا له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی پزیشك به‌رپرسین و پزیشكه‌كه‌ش ئاگای له‌ لایڤی ڤیدیۆكه‌ نییه‌، بۆیه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌رپرسه‌ و ئه‌وان ده‌توانن بڕیار له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بده‌ن”.

لە ژووری نەشتەرگەری نەخۆشخانەیەک ڵایڤی تیکتۆک کراوەتە...

لە ژووری نەشتەرگەری نەخۆشخانەیەک ڵایڤی تیکتۆک کراوەتەوە