هیوا ماوە سەوز ببنەوە؟

60 درەختى بەتەمەن لەسۆران وشک بوون

964+

ئاکام غەفور-سۆران

لە رێگای سۆران بۆ باپشتیان 60 درەختى جۆراوجۆر وشک بوون و هەندێکیان هیوای سەوزبوونەوەیان نەماوە، هەرچەندە فەرمانگەی ژینگەش پێش وەختە هۆشداری دابوو.

درەختە وشکبووەکان جۆرێکیان ناوی ئەقاقییە و دوو جۆرەکەی تریشیان سنەوبەرن و دەکەونە نزیک ناوچەی پیشەسازی سۆران.

بەشی باخچەکان و فەرمانگەی ژینگەی سۆران هاوڕان لەوەی گواستنەوە و جێگۆركێ هۆکاری ئەو وشکبوونەیە، فەرمانگەی ژینگە دەڵێت، پێشتر هۆشدارییان داوە ئەو گواستنەوەیە دەبێتە هۆی وشکبوونی درەختەکان.

جەواد جەمال، بەڕێوەبەری بەشی باخچەکان لە شارەوانی سۆران، بە 964ـی وت، ئەو درەختانە لەسەر رێگاییەکی نزیک لە ناوچەی پیشەسازی بوون بەهۆی ئەوەی دەکەوتنە بەردەم ئەندەرپاسی سۆران ناچار بووین لەو شوێنە هەڵیانبگرین و بیانگوازینەوە.

هەژار ماهیر، بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی سۆران، لەسەر ئەو بابەتە قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت، ئەو کاتەی درەختەکان گوازرانەوە نەگونجاو بوو بۆ هەڵکەندن و ناشتنەوەیان بەتایبەت بۆ ئەو درەختانەى گەورە و بەتەمەن بوون.

“ئێمە هەر لە کاتی گواستنەوەی ئەو درەختانە هۆشداریمان دا ئەگەر بەو شێوەیە بگوازرێنەوە وشک دەبن”، هەژار ماهیر واى وت.

964 زانیویەتی، هەندێک لەو درەختانە هەرچەندە گەڵاکانیان وشک بوون، بەڵام هێشتا تەڕن و ئەگەری دووبارە سەوز بونەوەیان هەیە.

رێژەی سەوزایی لە ئیدارەی سۆران تەنها 5%ـە، ئەوەش زۆر کەمترە لە رێژەی ستانداردی جیهانی سەوزایی شارەکان کە دەبێت 25% بێت.

پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین

ئایا نەخۆشی لەناو دار قەیسییەكانی سیدەكان بڵاوبووەتەو...

ئایا نەخۆشی لەناو دار قەیسییەكانی سیدەكان بڵاوبووەتەوە؟