بەڕێوەبەرى ناحیەى ناڵپارێز لەسەر رێگاى ناڵپارێز بۆ پێنجوێن سەردانى تیمەکانى نۆژەنکردنەوەى رێگەکەى کردووە وێنە: ناحیەى ناڵپارێز
دواى دوو ساڵ هەوڵدان
رێگایەکى سەرەکى پێنجوێن نۆژەن دەکرێتەوە
وریا فەتاح
وەزارەتى دارایى رەزامەندی دا لەسەر خەرجکردنى بڕە پارەیەک بۆ نۆژەنکردنەوەى رێگاى نێودەوڵەتیى دەروازەى باشماخ لە سنوورى ناحیەى ناڵپارێز.
رێگاکە، پێنجوێن و دەروازەى نێودەوڵەتى باشماغ بە سلێمانى دەگەیەنێت، ئەو شوێنەى نۆژەن دەکرێتەوە، دەکەوێتە سنوورى ناحیەى ناڵپارێز.
هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەرى ناحیەى ناڵپارێز بە 964ـى وت،”پاش هەوڵ و ماندووبون و بەدواداچاونێکى زۆر، دواجار وەزارەتى دارایى رەزامەندی دا لەسەر خەرجکردنى بڕى 60 ملیۆن و 996 هەزار دینار، بۆ نۆژەنکردنەوەى ئەکتافى رێگەى سەرەکى ناڵپارێز بۆ پێنجوێن.
ئەکتاف، واتا چاککردن و رێکخستنى ئەملاولاى شەقامەکە و لێوارەکانى
نۆژەنکردنەوەکە بە درێژایى 13.4 کیلۆمەتر دەستیپێکردووە، بە وتەى بەڕێوەبەرى ناحیەى ناڵپارێز دواى ئەو قۆناغە نۆژەنکردنەوەى قیرى رێگاکە دەستپێدەکات.
رێگاکە بەهۆى ئەوەى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخى لەسەرە، رێگایەکى سەرەکى و نێودەوڵەتییە و قەرەباڵغییەکى زۆرى لەسەرە.