لە زانکۆی زاخۆ
رێگری بەشداری تاقیکردنەوە لەو کچانە کراوە کە نیقابن
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لە زانکۆی زاخۆ رێگری لەو کچانە کراوە کە نیقابن بەشداری تاقیکردنەوەکان بکەن و وتراوە نابێت بە نیقابەوە بێنە ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە.
ئەمرۆ یەکشەممە، 12.5.2024 یەکەم تاقیکردنەوەی قوتابیانی زانکۆی زاخۆ ئەنجامدرا، پێش تاقیکردنەوەکە ئەو خوێندکارانە ئاگادار کراونەتەوە کە نیقابن نابێت بەو شێوەیە بچنە ژوورەوە، بۆیە 50 خوێندکاری نیقاب بەشدارییان نەکردووە.
د. نازم جەقسی، سەرۆکی زانکۆی زاخۆ بە 964ـی وت، “دەستەڵاتی تەواومان بە راگری کۆلیژەکان و سەرۆک بەشەکان داوە هەرچی رێکارێک تایبەت بێت بە تاقیکردنەوەکان بیکەن، خۆیان خاوەن بڕیارن لەم بارەیەوە”.
مامۆستایەکی زانکۆ کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە 964 وت، بەڵی ئەو بڕیارە دراوە و چەندین خوێندکار بەو هۆیەوە بێبەش بوون لە تاقیکردنەوەکان، بۆیە باشترە رێکارێک دیاری بکرێت بۆ نیقاب پۆشەکان بۆئەوەی بێبەش نەبن لە تاقیکردنەوە و ئازادیان پێشێل نەکرێت.
کچێکی نیقابپۆش کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە 964ـی وت، ئەگەر گومانمان لەسەرە با لەشوێنێکی تایبەت پشکنینمان بۆ بکەن و دڵنیابن لەوەی کەس لە بری ئەوان نەهاتووە بۆ تاقیکردنەوە، ئامادەن هەر رێکارێک بەرامبەریان بگیرێتەبەر، بەڵام دواتر بەشداری تاقیکردنەوەکان بکەن.
لەسەر ئەو پرسە 964 دوو جار پەیوەندی بە عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەکەی نەدایەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی