"ئەمساڵ ترێ نابێت"

تەرزە گوندە کشتۆکاڵییەکەی دهۆکی بێ بەرهەم کرد

+964
هیڤی دێوالی-دهۆک

بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو لە سنووری پارێزگای دهۆک، زیانی بە بەرووبومی کشتۆکاڵی گوندی ئالەکین لە سنووری ناحیەی مانگێش گەیاندووە، بەڕێوەبەرایەتیی کشتۆکاڵی دهۆکیش دەڵێت، لیژنەیەکمان زەرەر و زیانی جوتیارەکانی دیاری کردووە و بەدواداچوون دەکەین.

دانیشتووانی ئەو گوندە بە کشتۆکاڵی خەریکن، بەشی هەرە زۆری ترێی پارێزگای دهۆک لەم گوندە بەرهەم دێت، بەڵام ئەمساڵ ترێ نابێت، بەهۆی بارینی تەرزە کە زۆربەی بەرهەمیان لەناوچووە.

بەپێی زانیاری964ی، تەنیا لە گوندەکە زیاتر لە 200 هەزار داری مێو هەن، بەشی هەرەزۆری ئەو زەوییانەی زیانیان پێ گەیشتووە باخی مێوە و 31 جوتیار زەرەرمەند بوونە، زیان بە دارەکانی مێو، هەڵۆژە، قەیسی، هەنار، بەهێ و خۆخ گەیشتووە.

ئیسماعیل ئەحمەد، یەکێک لەو جوتیارانەی گوندی ئالەکینە و زیانی پێگەیشتووە، بە 964ی وت، زیاتر لە 21 دۆنم مێوم هەبوو، ساڵانە بەرهەمێکی باش پێدەگەیشت و بژێوی ژیانمان لەسەر بەرهەمی کشتۆکاڵییە.

وتیشی، بەهۆی تەرزەی چەند رۆژی رابردوو، زیانی زور پێم گەیشتووە، لەگەڵ زۆربەی جوتیارانی گوندەکەمان داوا دەکەین لەلایەنی پەیوەندیدار، هاوکارمان بن.

ئەمڕۆ شەممە2024.5.11، ئەحمەد جەمیل بەڕێوەبەری گشتیی کشتۆکاڵی دهۆک بە 964ی وت، زیاتر لە 420 دۆنم زەوی لە کشتۆکاڵی گوندی ئالەکینا زیانی پێگەیشتووە، زۆربەی دۆنمەکانی گوندەکە دار مێو بوون و ساڵانە بەرهەمێکی باش پێدەگەیشت.

وتیشی، لیژنەیەکمان پێکهێنابوو لە هۆبەی کشتۆکاڵی ناحیەی مانگێش، سەردانی جوتیارەکانی کردووە، زەرەر و زیانەکان دیاریی کراون و بەدواداچوون بۆ زیانەکان دەکەین.

گوندێ ئالەکین دەکەوێتە ناحیەی مانگێشک لە سنووری پارێزگای دهۆک، زیاتر لە 20 خێزان لەو گوندەدا دەژین.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

ئه‌و كه‌ڕووه‌ى له‌سه‌ر به‌شێكی گه‌نمى مه‌خمور درو...

ئه‌و كه‌ڕووه‌ى له‌سه‌ر به‌شێكی گه‌نمى مه‌خمور دروست بووه‌ بێ زیانه‌