"بە پارە خەڵک دادەمەزرێ و ئێمە پشتگوێ خراوین"
دەرچووە دانەمەزراوەکانی کەرکوک لە بەردەم بینای پارێزگار گردبوونەوە
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ژمارەیەک لە دەرچووانی دانەمەزراوی کەرکوک لەبەردەم بینای پارێزگار دەنگیان هەڵبڕی و وەک خۆیان دەڵێن، تێیاندایە زیاتر لە 20 ساڵە زانکۆی تەواو کردووە، هێشتا بەرهەمی رەنج و ماندووبوونی خۆی وەرنەگرتووەتەوە.
سەرکەوت سەڵاحەدین وەک نوێنەری خۆپیشاندەران قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “ساڵی 2014 زانکۆم تەواو کرد و دانەمەزراوم، ساڵی رابردووش بە پارەی کرێکاری و عارەقی ناوچەوانی خۆم ماستەرم خوێند، بەڵام هێشتا بێ ئیش و کارم”.
“خەڵک هەیە بە دەفتەر دۆلار و زیاتریش دادەمەزرێ، کەچی ئێمە هەر جارەو بە بیانوویەک رەتدەکرێینەوە و وەڵاممان نادەنەوە”، سەرکەوت سەڵاحەدین وای وت.
دەرچووە دانەمەزراوەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کەرکوک دەڵێن، ژمارەیان حەوت هەزار کەسە و پێشتریش چەندین جاری دیکە گردبوونەتەوە و ناڕەزاییان دەربڕیوە، ئەگەر ئەمجارەش وەڵام نەدرێنەوە، ئەوا کۆڵ نادەن و بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی بە ئامانجەکەیان دەگەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری