"بە هەزاران"

مرداربوونەوەى نەورەسەکان بەردەوامە و شوێنى دیکەشى گرتەوە

964+

ژێوار خدر- رانیە

ماوەى زیاتر لە سێ رۆژە مرداربوونەوەى بەکۆمەڵى نەورەسەکانى دەریاچەى دوکان بەردەوامە، وتەى پۆلیسى دارستان و ژینگە،” بە هەزاران نەورەس مردار بوونەتەوە”، تەندروستى راپەڕینیش، هۆشدارى دەدات.

مرداربوونەوەکە نەورەسەکانى سنورى خدرانیشى گرتووەتەوە

حەمەشوان بەرزنجى، بەڕێوەبەری ژینگەی راپەڕین بە 964ـى وت،”ئەمڕۆ لەگەڵ ژینگەى سلێمانى لیژنەیەکمان پێکهێناوە و بە مەیدانى دەچینە ئەو جێگایانەى بە نیشتمانى نەورەسەکان ناسراوە، دەمانەوێت بزانین ئەو مرداربوونەوە ڤایرۆسییە یان پەیوەستە بە گۆڕانکارى کەشووهەوا یان هۆکارەکەى ئەو پڕۆژانەى بەخێوکردنى ماسین کە لە شوێنەکە هەن، یان دەستى ئەنقەست”.

ژینگەى راپەڕین تائێستا نازانن هۆکارەکە چییە، بەڵام وەک ئەوەى بەرێوەبەرەکەى باسى دەکات جگە لە مرداربوونەوەى ئەو ژمارە زۆرە، هەزاران هێلکە و بێچووى نەورەس لەژێر هەڕەشەى لەناوچووندا.

خەسرەو محەمەد، وتەبێژى پۆلیسى دارستان و ژینگەى راپەڕین کە لەکاتى ئامادەکردنى هەواڵەکە لەگەڵ لیژنەیەکى ڤێرتێرنەرى لە شوێنى مرداربوونەوەى نەورەسەکانن قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”کارەساتێکى ژینگەییە، بە هەزاران نەورەس مرداربوونەتەوە و مرداربوونەوەکەش بەردەوامە و لە ژمارە نایەن”.

سەرەتا بەس ئەو نەورەسانە مرداربوونەوە کە لە سنورى ناحیەى بنگردن لە دەریاچەى دوکان، بەڵام بە وتەى خەسرە و محەمەد، ئێستا مرداربوونەوەکە پەڕیوەتەوە و سنوورى بەرى کۆسرەت و خدرانى گرتووەتەوە و نەورەسەکانى ئەوێش مردار بوونەتەوە.

ئەوەى لە پشکنینە سەرەتاییەکان بۆ ڤێرتەرنەرى دەرکەوتووە، هۆکارى مرداربوونەوەى نەورەسەکان ڤایرۆسییە، بەڵام وەک ئەوەى وتەبێژى پۆلیسى دارستان و ژینگەى راپەڕین باسى دەکات، تائێستا نازانن چ جۆرە ڤایرۆسێکە و چاوەڕێن ئەنجامى پشکنینى تاقیگەى هەولێر دەربچێت.

964 ویستى لەبارەى ئەوەوە بزانێت کە ئایا تەنیا نەورەسەکان توشى مرداربوونەوە بوون، یان باڵندە و پەلەوەرى سنوورەکەش بەو دەردە چوون، بەڵام دواى چەند جارێک لە پەیوەندییکردن بە موحسن عەبدوڵا، لێپرسراوی هۆبەی ڤێرتێرنەرى راپەڕین، وەڵامى پەیوەندییەکەى نەدایەوە.

لە ئاگادارییەکیشدا، تەندروستى راپەڕین داوا دەکات جگە لە تیمە پسپۆڕەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ کەس و لایەنێکى دیکە نابێت سەردانى شوێنەکە بکات، هەتا ئەو کاتەى بە فەرمى دڵنیایى دەدرێت لە جۆرى نەخۆشییەکە.

دورگە و دۆڵەکانى دەریاچەى دووکان بە نیشتمانى نەورەسەکان ناسراوە و بە هەزاران نەورەس لەو سنورە دەژین و وێنایەکى جوانیان بە سنورەکە بەخشیووە، بەڵام ئێستا کە وەرزى کڕکەوتن و تروکاندنى هێلکەکانیانە، رووبەڕووى کارەساتێکى ژینگەیى بوونەتەوە.

داڕشتنەوە: وریا فەتاح

لە هۆکارى مرداربوونەوەى نەورەسەکانى دەریاچەى دوکان دە...

لە هۆکارى مرداربوونەوەى نەورەسەکانى دەریاچەى دوکان دەکۆڵرێتەوە