دیمەنێکی قەزای کۆیە
"برینی یەکێکیان سەختە"
بەهۆی دەستکاریکردنی تەقەمەنی چوار گەنج لە دەشتی کۆیە برینداربوون
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
بەهۆی دەستکاری کردنی تەقەمەنی لە گوندی کڵێسەی سەربە ناحیەی ئاشتی چوار گەنج بریندار بوون، برینی یەکێکیان سەختە.
دیاکۆ هەڵۆ بەرپرسی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالیدی کۆیە بە 964ـی وت، “درەنگانی شەوی رابردوو چوار گەنج بە برینداری گەیەنرانە نەخۆشخانەکەمان کە بەهۆی دەستکاریکردنی تەقەمەنیەوە بریندارببوون، دوای چارەسەری سەرەتایی دووانیان رەوانەی هەولێر کران”.
“برینی یەکێک لەو دووانەی کە رەوانەی هەولێر کراون سەختە و دووانی تریشیان ئێستا لای خۆمان ماون و چارەسەر وەردەگرن”، دیاکۆ هەڵۆ وای وت.
وتیشی، تەقینەوەکە زیاتر برینی لەسەر سنگیان دروستکردبوو، جگە لەوەش دەست و دەمووچاوی بەشێکیان برینی پێوەیە.
گەنجەکان تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 30 ساڵاندایە و تا ئێستا هۆکاری دەستکاری کردنی تەقەمەنیەکە و شێوازی تەقینەوەکە روون نیە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری