بانکی تۆو لە سلێمانی کرایەوە

یەکێتی ئەوروپا پارەی “جین بانکی” دابین کردووە

ئەحمەد مستەفا

پڕۆژەی جین بانک لە پارکی هەواری شار لە سلێمانی کرایەوە، کە رووبەرەکەی 100 دۆنم زەوییە و پارێزگاری لە تۆوی رووەکەکان دەکات بۆ نەوەکانی داهاتوو.

پرۆژەکە بە تێچووى دوو ملیۆن یۆرۆ کە یەکێتیی ئەوروپا دابینى کردبوو، لەلایەن رێکخراوی فاو جێبەجێى کرا و ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا کرایەوە.

لە بارەی پڕۆژەکەوە، دکتۆر سامان عەبدولڕەحمان سەرپەرشتیاری پڕۆژەی جین بانک بە 964ی وتووە، جین بانک پڕۆژەیەکی نیشتمانیی گرنگە، لە زۆربەی ناوچە جوگرافیەکاندا دروستدەکرێت، ئەوەش یەکەم بانکە لە ئاستی هەرێمی کوردستان و لە سلێمانی دروست کراوە.

ئەم پڕۆژەیە بۆ مەبەستی پارێزگاریکردنە لە ژینگە و سروشتی کوردستان،”تێیدا سەرچاوە بۆ ماوەییەکانی رووەک دەپارێزرێت، بۆ هەتا هەتایە بە مەرجێک بە شێوەیەکی دروست هەڵبگیرێن”.

بە گوێرەی سۆراغی 964، جین بانک لە عێراقدا و لە بەغدا بوونی هەبووە، بەڵام زۆرێک لە داتاکانی لە کاتی ئازادکردنی عێراقدا براونەتە وڵاتی سوریا نەگەڕێندراونەتەوە.

چەندین رووەکی خۆڕسک لە جیهان هەیە، کە لەبواری جۆراوجۆردا بەکاردەهێنرێت و سودی خۆراک و دەرمانی لێوەردەگیرێت، ئیرەج مورادی کارناسی باڵای زانستی کشتوکاڵ لە بارەی کێشەو جۆرەکانی ئەو سامانە سروشتەی کوردستان بە 964ی وت، لەو هەزاران رووەکەی لە کوردستان بوونی هەیە، 250 جۆر رووەک لە کوردستان به‌ كه‌ڵكى خواردن دێن.

بە گوێرەی ئەو سەرژمێرییەی کە مورای کردوویەتی، لە رۆژهەڵاتی کوردستان نزیک بە دوو هەزار و 500، لە باکوور دوو هەزار و 700 بۆ سێ هەزار، لە باشوور نزیکەی هەزار و 400، لە رۆژئاوای کوردستان زیاتر لە 700 جۆر رووەک بوونیان هەیە.

ئەو وتی، دەبێت ئەوەش بزانین زۆرترین گیا لە خاکی تورکیادا هەیە، بەڵام ئەو بەشەی کە پێی دەڵێن باکووری کوردستان زۆرترین گیایی کۆنی تێدایە، ئەو گیا کشتوکاڵییانەی وەکوو گەنم و جۆ نەژادی باپیرەگەورەیانن.

+964صورة من منصة (شبكة):