تەمەنی چوار ساڵە

لە کاتی یاریکردن منداڵێک کەوتە ژێر ئۆتۆمبێلەوە و گیانی لەدەستدا


زەید کۆچەر-دهۆک

ئیوارەی ئەمرۆ منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ لە پێش دەرگای ماڵەکانی یاری دەکرد و ئۆتۆمبێل پیایدا کێشا و گیانی لەدەستدا.

رووداوەکە لە گوندی” گسێ” سەر بە ناحیەی دینارتە روویداوە و دواتر تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی ئاکرێ کراوە، شۆفێرەکەش خۆی رادەستی پۆلیس کردووە.

نێچیرڤان فەخرەددین هەرکی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی گشتی ئاکرێ بە 964ی وت، “کاتژمێر 5:00 ئێوارە تەڕمی منداڵەکەمان پێ گەیشت، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دابوو، دواتر رەوانەی پزیشکی دادی ئاکرێ کرا و رێکارە پێویستەکانی بۆ ئەنجامدراوە و رادەستی خێزانەکەی کراوەتەوە”.

وتیشی، “تەمەنی منداڵەکە چوار ساڵە و ئۆتۆمبێلەکە بۆ دواوە گەڕاوەتەوە و نەیبینیوە و دواتر کەوتووەتە ژێر ئۆتۆمبێلەکە و ئەو کەسەی خۆی پیادا کیشاوە هەر خزم و کەسوکاری منداڵەکەیە و خەڵکی هەمان گوندە”.

راید عیماد زێباری، وتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ بە 964ی وت، “ئەو شۆفێرەی لە منداڵەکەی داوە، خۆی رادەستی پۆلیسی ئاکرێ کردووە و دەستبەسەرکراوە، تیمەکانیشمان لە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا