بە بڕیار خێوەتەکەیان هەڵگیرا

شایەتحاڵێک: عەرەبە هاوردەکانی پەلکانە شەڕیانە

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

فەرماندەی فیرقەی هەشتی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق گەیشتە گوندی پەلکانە و لەگەڵ نوێنەرانی جووتیارانی کورد و عەرەب بەجیا قسەی کردووە، بەڵێنیدا خێوەتەکە هەڵبگیرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 8.5.2024 عەرەبی {هاوردە} کاتێک سەرقاڵی هەڵدانی خێوەت بوون، لەناو گوندی پەلکانە خێوەتیان هەڵدا و ئاڵۆزی دروستبوو لەگەڵ دانیشتووانی گوندەکە کە سەرجەمیان کوردن، و پاشان بە بڕیاری سوپا خێوەتەکە هەڵگیرا و لە چاوەڕوانی بڕیاری لیژنەی پارێزگای کەرکوک و وەزارەتی ناوخۆدان.

عەلی رەحمان، موختاری گوندی پەڵکانە بە964ـی وت، فەرماندەی فرقەی هەشتی سوپای عێراق، لەگەڵ هەردوولا قسەی کردووە، بە هاوڵاتییە عەرەبەکانی وتووە دەبێت لە ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێک خێوەتەکە هەڵبگرن، بە هاوڵاتییە کوردەکانیشی وتووە خۆتان بەدوور بگرن لە کێشە وئاڵۆزی.

بە بڕیاری پارێزگاری کەرکوک لیژنەیەک لەسەر رووداوەکە دروستکراوە، عەلی رەحمان وتیشی، “بڕیار وایە سبەینی پێنجشەممە 9.5.2024، لیژنەیەکی پارێزگای کەرکوک و لێژنەیەکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەردانی گوندی پەلکانە بکەن”.

شایەتحاڵێک لەناو گوندەکەوە قسەی بۆ پەیامنێری 964 کردووە و دەڵێت، “هاوڵاتییە عەرەبەکان، کە هاتوونەتە گوندەکە لە کاتی هەڵگرتنەوەی خێوەتەکە شەڕ لە نێوان خۆیان دروست بووە، لەسەر ئەوەی بەشێکیان چوونەتە ژێر بڕیاری فەرماندەکەی سوپای عێراق و خێوەتەکەیان هەڵگرتووە”.

ناحیەی سەرگەڕان لە سنوری پارێزگای کەرکوک، پێکهاتووە لە 42 گوند تەنیا دوو گوندی عەرەبنشینە و گوندەکانی دیکە کوردن، سەرگەڕان پێشتر سەربە ناحیەی کەندیناوەی سەر بە قەزای مەخموور بووە و پاشان لە لایەن رژێمی پێشوەوە خرایە سەر کەرکوک و ناوەکەی گۆڕدرا بۆ سەرگەڕان.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

عەرەبی هاوردە لە دژی کورد خێوەت هەڵدەدەن

عەرەبی هاوردە لە دژی کورد خێوەت هەڵدەدەن