"نەگەیشت بە پێشانگەکەی"

ناشاد؛ دەستێکی رەنگین و دڵێکی سست

964+

ئەحمەد مستەفا

هونەرمەندی شێوەکار ناشاد، سێ مانگە بەهۆی سستبوونی دڵ و گورچیلەیەوە حاڵی پەرێشان بوو، “تاکە شت کە ئازاری من دەدات، ئەوەبوو کە ویستمان رۆژی شەممە لەناو خانەی بەساڵاچووان پێشانگە بۆ وێنەکانی بکەینەوە، بەڵام مەرگ رێگەی پێ نەدا”، ئەمە قسەی چێنەر نزاری پەیکەرسازە، کە هاوڕێ و هاوپیشەی ناشادی کۆچکردووە.

ئەمشەو هەواڵی گیانلەدەستدانی ناشادی نیگارکێش و هونەرمەند بڵاوبوویەوە، ئەو لە کارگەی کلتوری سلێمانی ماوەیەک دەژیا، وێنەکێشێک کە بەشێک بوو لە مێژووی سلێمانی پاش 75 ساڵ لە تەمەن، چیرۆکی نەخشاندن و گێڕانەوەی چیرۆکەکانی کۆتایی هات.

محەمەد سابیر، ناسراو بە ناشاد، ماوەی 50 ساڵبوو کاری وێنەکێشانی دەکرد، گەرچی لەگەڵ تەمەنی لاویدا خولیای لە بوارەکە ھەبووە، بەڵام ئەو پێشتر بە تۆڕی 964ی وتبوو، “ئێستا زیاتر جوڵاندنی دەستەکانی بۆ پەیداکردنی پارەی عیلاجەکانیەتی”.

چێنەر نزار، هاوڕێی ناشادە ئەو کە سەرقاڵی گواستنەوەی جەستەی بێ رۆحی ناشاد بوو بۆ پەیمانگەی پزیشکی دادوەری سلێمانی ئەمشەو 7.5.2024، بە 964ی وت، “سێ مانگە ناشاد دڵ و گورچیلەکانی خراپ سست بوون، دۆخی بەردەوام خراپ بوو، بەڕاستی ئەم ماوەیە خانەی بەساڵاچووان زۆر هاوکاری بوون”.

لە زۆرێک لە پێشەنگاکانی سلێمانی و ھەرێمی کوردستان ناشاد بەشداری ھەبووە، بە وتەی خۆی سەردانی ھەر ناوچەیەکی کردبێت لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ھەوڵیداوە سروشتی وڵاتەکەی لەو ناوچەیەدا بە نەخشاندنی جێبھێڵێت، ناشاد بە تەنیا دەژیا، ئەو پێشتر وتبووی، “ماوەیەک بەھۆی دۆخی ژیانییەوە تووشی نەخۆشی دەروونی بووە، خەڵکانێکی خێرخواز توانیویانە یارمەتی بدەن، کە ئالودەی نەخۆشی پرۆستات و شێرپەنجەیە بووە”.

ناشاد وەک خۆی ئاماژەی پێ کردبوو، “بۆ ئەوەی بتوانێت عیلاجەکانی رۆژانەی بۆ نەخۆشییەکانی دابین بکات، بڕیاریدابوو ژمارەیەک لە تابلۆکانی بفرۆشێت، کە هەرزانترینیان 50 ھەزار دینار و گرانترین تابلۆیان نرخی 300 ھەزار دیناری لەسەر دانابوو”، سەرەرای ئەوەش بڕیار بوو رۆژی شەممە 11.5.2024، بە بەشداری 99 تابلۆی ناشاد پێشانگەیەک لە خانەی بەساڵاچووان بکەنەوە.

دیمەنی ئامادەکاری بۆ پێشانگەکەی ناشاد؛

+964صورة من منصة (شبكة):

وێنەیەک لە بانگهێشتنامەکە؛

+964صورة من منصة (شبكة):