قاسم ئەعرەجی:
“کشانەوەی هاوپەیمانان بە مانای کۆتاییهاتنی هاوبەشیمان لەگەڵیاندا نایەت”
کاکەلاو عەبدوڵا
قاسم ئەعرەجی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان رایگەیاند، ئەمڕۆ وێستگەیەکی گرنگە لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان، بەڵام مانای ئەوە نییە هاوبەشیان لەگەڵیاندا کۆتایی بێت
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئەمنیى سەرۆک وەزیرانى عێراق لە سەکۆی ئێکس نوسیوویەتی،”ئەمڕۆ دەگەیەینە وێستگەیەکی گرنگ لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەبوونی هێزەکانی و گواستنەوە بۆ پەیوەندیی دووقۆڵی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانییەکەدا، بەجۆرێک سەروەری بچەسپێنێت و خزمەتی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و خواستەکانی گەلی عێراق بکات”.
“سەرکەوتن بەسەر داعشدا لەڕیی قوربانی گەلی عێراق و ئازایەتی هێزەکانمان بە هاوکاری برا و هاورێکانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بوو، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان مانای ئەوە ناگەیەنێت هاوبەشییەکەمان کۆتایی هاتووە، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ پەیوەندییەکی دووقۆڵی بەهێز بە گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگریی و ئەمنی، هەماهەنگی و بەهێزکردنی توانستەکان،” قاسم ئەعرەجی وادەڵێت.
دوای 12 ساڵ، ئەمڕۆ کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانان دێت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە ئەنجامدراوە لەنێوان وڵاتانی هاوپەیمانان و عێراقدا و سەرجەم هێزەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کشاندووەتەوە.