بەدەست تەپوتۆزەوە دەناڵێنن

چاڵوچۆڵی رێگای چەند گوندێکی پێنجوێن پڕکرایەوە

+964

کامیار کەمال –  پێنجوێن

چاڵوچۆڵیی رێگای چەند گوندێکی پێنجوێن پڕکرایەوە، ئەمەش یەکەم کاری فەرمانگەی رێگاوبانی قەزاکەیە دوای دەستبەکاربوونیان.

ئەو رێگایەی کە چاککرایەوە، بڕیاری قیرکردنی بۆ دەرچووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی جێبەجێ نەکراوە.

ئەمیر سۆفی جەمال، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاراستن و چاککردنی رێگاوبانی پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، دوای کردنەوەی فەرمانگەکەیان ئەوە یەکەم کاریانە ئەنجامی دەدەن و چاڵ و چۆڵی رێگای گوندەکانی هۆمەرەسێنان و وریاوا و کانی میران و دەڵارۆیان پڕکردووەتەوە.

باسی لەوەش کرد، بەشێكی زۆری جوتیارانی پێنجوێن ئەو رێگایە بەکاردەهێنن، پێشتریش جادەکە تێکەڵەڕێژ بووە و چەند ئامێرێکیان ناردووە، بۆ ئەوەی جادەکە رێک بکەنەوە و سەرەتا گلێدەر لە رێگاکە دەدرێت و دواتریش دەکوترێتەوە و بەهۆی ئەو بارانەی کە باریوە، جادەکەش نەرم بووەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو رێگایە کە بە رێگای وریاوا ناسراوە، قیری بۆ دەرچووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەی قیرکردنی رێگاکە راگیراوە.

ساڵانە، ئەو جوتیارانەی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان لە نزیک رێگاکەیە، بەدەست تەپوتۆزی زۆرەوە دەناڵێنن و بە گوێرەی قسەی خۆیان، “تەپوتۆز بەرهەمەکانی خواردوون”.

فەرمانگەی رێگاوبانی قەزای پێنجوێن، رۆژی 21.4.2024 لەلایەن وەزیری ئاوەدانکردنەوە کرایەوە و پێشتریش پێش ئەوەی بکرێتەوە، چەند کارێکی بۆ رێگاوبان و پردەکانی پێنجوێن ئەنجامدابوو.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

شارەوانی پێنجوێن شوێنی ئەو زەوییانەی دیاریکردووە کە ب...

شارەوانی پێنجوێن شوێنی ئەو زەوییانەی دیاریکردووە کە بۆ فەرمانبەران ئامادەکراوە