هێزەکانی ئێران تەقەیان لێکردووە

لە ناوچەیەکی سنووری شاری سەردەشت کۆڵبەرێک گیانی لەدەستدا

فەرهاد حەسەن

بەپێی راپۆرتی ماڵپەری کۆڵبەرنیوز، کۆڵبەری خەڵکی شاری سەردەشت، بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هێڵی سنووریی ئەم شارە گیانی لەدەستداوە.

کۆڵبەرەکە ناوی یوسف مامەپوور تەمەن نزیکەی 30 ساڵە خەڵکی گوندی (وەردێ)ی سەر بە سەردەشت بووە، خێزاندار و باوکی کوڕێکی بچووک بووە، لە هێڵی سنووریی ناوچەی (بەردەسپیان) تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامدا ئەم کۆڵبەرە پێکراوە و گیانی لەدەستداوە

کۆڵبەرنیوز دەڵێت، فیشەکێک بەر گورچیلەی کەوتووە و دوای تێپەڕبوونی بە جەستەیدا، لە لایەکەی دیکەوە دەرچووە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی کۆڵبەرنیوز، ئەمساڵ 57 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و رێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی رۆژاوا، کوردستان و کرماشان، بەهۆی هۆکارگەلێکی وەک تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران، رەهێڵە و سەرما و رەقبوونەوە، تەقینەوەی مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و هۆکارەکانی دیکە، گینیان لەدەستداوە و بریندار بوون. لەم ژمارەیەش 26 کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و 31 کۆڵبەر بریندار بوون.

هەر بەپێی ئەو ئامارە، لە کۆی ئەو 57 کۆڵبەرە، 44 کۆڵبەر بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران بووە. دوو کۆڵبەر تەمەن ژێر 18 ساڵ بوون، کە حاڵەتێکیان بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بووە و بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ئەو مێردمنداڵ کۆڵبەرە.