کێشە بۆ موچەى مانگى چوار دروست نابێت

بۆچى بەغدا پارەى موچەى هەرێم نانێرێت؟

964+

وریا فەتاح

15 رۆژە وەزارەتى دارایى هەرێم لیستى موچەى مانگى نیسانى فەرمانبەرانى هەرێمى رەوانەى بەغدا کردووە، بەڵام تائێستا وەزارەتى دارایى عێراق موچەى مانگى 4ـى فەرمانبەرانى هەرێمى نەناردووە، بەوتەى ئەندامێکى لیژنەى دارایى ئەنجومەنى نوێنەران سێ هۆکار هەیە بۆ نەناردنى پارەکە.

دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى دارایى لە ئەنجومەنى نوێنەران بە 964ـى وت، سێ گرفتى سەرەکى هەیە کە بوونەتە هۆکارى ئەوەى تا ئێستا وەزارەتى دارایى عێراق موچەى مانگى 4ـى فەرمانبەرانى هەرێمى نەناردووە کە ئەمانەن:

1.  بەغدا تێبینى لەسەر لیستى موچە فەرمانبەرانى هەرێم هەیە بۆ مانگى چوار، چونکە کۆمەڵێک داتا و زانیارى تێدایە کە بەلاى بەغداوە دژ بەیەکە و ناردنى لیستەکەش دواکەوت.

2.  ئەو پارەیەى بۆ موچەى مانگى چوار داواکراوە جیاوازە لە مانگەکانى رابردوو، واتا بڕى پارەکە لە لیستى مانگى چواردا زیادى کردووە، ئەوەش بەلاى بەغداوە جێگاى گومانە.

3.  حکومەتى هەرێم تائێستا پابەند نەبووە بە تەوتین و رادەستکردنى داهاتى ناوخۆ، ئەوەش یەکێکە لە هۆکارە بەهێزەکان.

بۆ موچەى مانگى دووى فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستان، وەزارەتى دارایى هەرێم بڕى 943 ملیار دینارى پێویست بوو، بەڵام وەک ئەوەى دارا سێکانیانى باسى دەکات، وەزارەتى دارایى هەرێم لە لیستى موچەى فەرمانبەران بۆ مانگى چوار زیاد لەو پارەیەى داوا کردووە ئەوەش بەلاى بەغداوە گرفتە.

هەرچەندە بەغداد گرفتى لەگەڵ لیستى موچەى فەرمانبەران و پابەندییە داراییەکانى هەرێم هەیە، بەڵام وەک ئەو ئەندامى لیژنەى دارایى باسى دەکات، پێناچێت گرفت بۆ دابەشکردنى موچەى مانگى نیسان دروست بێت، بەڵام ئەگەر حکومەتى هەرێم بەم شێوەیە بەردەوام بیت، کێشە و گرفتەکان سەرهەڵدەدەنەوە.

رۆژى 21ـى مانگى رابردوو، بەبێ دیارییکردنى بڕى پارە، وەزارەتى دارایى هەرێم رایگەیاند کە لیستى موچەى مانگى نیسانى فەرمانبەرانى هەرێمیان رادەستى وەزارەتى دارایى عێراق کردووە.

زیاتر لە 13 هەزار کەمئەندام دەخرێنە لیستى موچە

زیاتر لە 13 هەزار کەمئەندام دەخرێنە لیستى موچە