"زیانی 100 ملیۆن دیناری لێکەوتەوە"
خورماتوو؛ شۆرتی کارەبا دوکانێکی جلوبەرگی بەتەواوی سووتاند
964+
سیروان خورشید
درەنگانی شەوی رابردوو ئاگرێکی گەورە لە دوکانێکی جلوبەرگی بازاڕی کۆماری قەزای خورماتوو کەوتەوە و تەواوی کەلوپەلەکانی ناو دوکانەکەی سووتاند و لەناوبرد.
گەرمیان حەسەن، خاوەنی دوکانەکە بە964ـی وت، ”درەنگانی شەوی رابردوو تەنیا کەمێک دوای ئەوەی دوکانەکەم داخست و گەیشتمەوە ماڵەوە، پەیوەندییان پێوە کردم و هەواڵی ئاگرکەوتنەوەکەیان پێدام، هۆکاری ئاگرەکەش بۆ شۆرتی کارەبا دەگەڕێتەوە.”
وتیشی، هەرچەندە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دوای چەند خولەکێک گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانییان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و رێگری بکەن لەوەی تەشەنە بسێنێت بۆ دوکانەکانی دراوسێ، بەڵام بەهۆی بەهێزیی ئاگرەکەوە، سەرجەم کەلوپەل و جلوبەرگەکانی ناو دوکانەکەم سووتان.
ئاماژەی بەوەش کرد، بڕی زیانە مادییەکانی نێو دوکانەکەی بە سەرووی 100 ملیۆن دینار دەخەمڵێنرێت، بەوپێیەی هیچ کاڵایەکی ناو دوکانەکەی بۆ دەرنەچووە و هەمووی سووتاوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر