لە بوارى پاراستنى پڵنگدا

سێ کوڕى کورد خەڵاتێکى نێودەوڵەتى دەبەنەوە

964+

وریا فەتاح

سێ کوڕى کورد بوون بە براوەى خەڵاتێکى جیهانى لە بوارى پاراستنى پڵنگ و گیانەوەرە کێوییەکان کە یەکێکیان پیشەى پۆلیسى دارستانە.

رێکخراوی پڵنگانی بێسنور بڵاویکردەوە، شانازی دەکات بە راگەیاندنی براوەکانی خەڵاتی یەکەمی گروپی کاری پڵنگی فارسی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی 2024، کە سێ کەس لە کوردستان بوون بە براوەى خەڵاتەکە.

هانا رەزا، سەرۆکى رێکخراوى پڵنگانى بێسنور بۆ پاراستنى گیانەوەرى کێوى لە 964ـى وت،”سوپاس بۆ خواو بۆ هەوڵ و ماندووبوونی چەندین پسپۆڕو رێکخراوی جیهانی، یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانمان هاتە دی، ئەویش تەرخانکردنی خەڵاتێکی نێودەوڵەتییە بە ناوى خەڵاتى “رەینجەر” کە ساڵانە ببەخشرێت بەو کەسانەی خۆنەویستانە ژیانیان تەرخانکردووە بۆ پاراستنی سروشت و ژیانی کێوی لە کوردستان کە براوەى خەڵاتەکە سێ کەسن لە هەرێمى کوردستان و خەڵاتەکە بۆ یەکەمجار و لە رۆژی جیهانی پڵنگدا، بڵاو دەکرێتەوە”.

“خەڵاتەکە دان بە هەوڵە گرنگەکانی ئەو کەسانەدا دەنێت کە ژیانیان تەرخانکردووە بۆ پاراستنی سروشت و بەتایبەتیش پڵنگی فارسی”، هانا رەزا واى وت.

ساڵى یەکەمی خەڵاتی رەنجەر تیشک دەخاتە سەر پاڵێوراوانی هەر یەک لە هەرێمی کوردستان و ئەفغانستان و پاکستان، کە تێیدا سێ براوەى خەڵاتەکە سێ کەسى باشورى کوردستان بوون بە ناوەکانى (نەبەز هۆڕێنى، بەهێز فاروق، ئاراز عەتا).

بەپێى قسەى هانا رەزا، هەرسێ براوەى خەڵاتەکە لە ساڵانى رابردوودا پابەندبوون و دڵسۆزییەکی بێوێنەی بۆ پاراستنی هەمەجۆری زیندەوەری لە چیاکانی کوردستانی عێراق نیشانداوە.

وەک ئەوەى لە پێگەى سایتى رێکخراوەکە ئاماژەى پێکراوە، ئاراز عەتا کەیەکێکە لە براوەکانى خەڵاتەکە، پلەی رەئیس عورەفای هەیە لە بەشی پۆلیسی دارستان لە ناوچەی قەرەداغ، ماوەی 19 ساڵە خزمەت دەکات و لە ساڵی 2011 رۆڵێکی گرنگی گێڕا لە دانانی یەکەم کامێرا تراپ کە بووە هۆی تۆمارکردنی یەکەم پڵنگ لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان.

وێنەى براوەکانى خەڵاتەکە:
ئاراس عەتا

نەبەز هۆڕێنى

بەهێز فاروق

سێ کوڕى کورد خەڵاتێکى نێودەوڵەتى دەبەنەوە

سێ کوڕى کورد خەڵاتێکى نێودەوڵەتى دەبەنەوە

سێ کوڕى کورد خەڵاتێکى نێودەوڵەتى دەبەنەوە

گروپی کاری پڵنگی فارسی (PeLeWG)، لە ساڵی 2023 دامەزراوە بۆ ئاسانکردنی هەوڵە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی پڵنگی فارسی و نێچیرەکانی و نشینگە ژینگەییەکەیان، چیاکانى کوردستانیش یەکێکن لە نیشتمانەکانى ئەو جۆرە لە پڵنگ، گروپەكە ئەندامی گروپی پسپۆڕانی پشیلە كێویەكانی سەر بە ڕێكخراوی IUCNـە.

964 دیمه‌نێكی نوێی پڵنگێك له‌ شارباژێر بڵاوده‌كاته‌و...

964 دیمه‌نێكی نوێی پڵنگێك له‌ شارباژێر بڵاوده‌كاته‌وه‌