لە گەڕەکی بناری قەزای خورماتوو

چەند عەمودێک لە ناوەڕاستی جادەدا قوت بوونەتەوە و کێشەیان دروستکردووە

964+

سیروان خورشید – خورماتوو

لە گەڕەکی بناری قەزای خورماتوو چەند عەمودێک لە ناوەڕاستی جادەکەدا قوت بوونەتەوە و هەر تاوناتاوێک سەیارە خۆیان پێدا دەکێشێ، ئێوارەی ئەمڕۆ بەشێک لە دانیشتووانی ئەو گەڕەکە گردبوونەوە و ناڕەزایی خۆیان لەسەر ئەو بابەتە دەربڕی.

خەلیل ئەحمەد یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکی بنار بە 964ـی وت، “جگە لەوەی گەڵابە بێزاری کردووین و لەمسەر بۆ ئەو سەری کۆڵانەکە دەکەنە زبڵ و خاشاک، ئەم عەمودانەش بوونەتە کێشەیەکی گەورە”.

“گەڵابە دای لە یەکێک لە عەمودەکان، خەریکبوو ئاگرماندا”، مام خەلیل وای وت.

سەبارەت بەو کێشەیە 964 قسەی لەگەڵ فازڵ عەباس ​بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارەبای خورماتوو کرد، ئەو وتی، “ئەم بابەتە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و پەیوەندی بە فەرمانگەی ئاوی قەزاکەوە هەیە”.

فەرمانگەی ئاوی خورماتووش بەرپرسیارێتی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی خستەئەستۆی شارەوانی قەزاکە، 964 پەیوەندی بە بەڕێوەبەری شارەوانی خورماتووەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری