بە 100 ملیۆن دینار

رێگاى هەشت گوندى هەڵەبجە نۆژەن دەکرێنەوە

964+

عومەر فەتاح ـ هەڵەبجە
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم رەزامەندى دەربڕى بە تارخانکردنى بودجەیەک بۆ نۆژەنکردنەوە و تێکەڵەرێژکردنى رێگاى هەشت گوندى ناحیەى بەمۆ لە سنورى پارێزگاى هەڵەبجە.

ئەو رێگایانەی بڕیارە چاکبکرێن ئەمانەن: رێگای گوندەکانی (بەڕوێن، بەلەسۆ، قەلب، توەوشکێ، کانی پاشا، کانی وەیسکێ، چواردارانی خوارو چوادارانی سەرووە).

جەمال عومەر، بەڕێوەبەری پلاندانان و بەدواداچوونی پارێزگای هەڵەبجە، بە 964ـى وت،”رێگای ئەو گوندانەی ناحیەی بەمۆ زۆر خراپ بوون، پێشتر چەند جارێک دەرخستەو نوسرامان کردووە، بەڵام دواجار وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، بڕیاریدا بڕی 100 ملیۆن دینار وەک بودجەی خەرجی پرۆژەکە تەرخان بکات.”

بەرپرسەکەی پلاندانانی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، رێگای ئەو گوندانە لەم قۆناغەدا قیرتاو ناکرێن، تەنها چاکسازیان تێدا دەکرێت و لەچەند رۆژی ئایندەدا پڕۆژەکەش دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە ساڵی 2015 دا بە فەرمانێكی هەرێمی ناحیەی بەمۆ پەیوەست كرا بە پارێزگای هەڵەبجەوە، لە 13 گوندی ئاوەدانراوە پێکدێت، رووبەری ناحیەکە 137 کیلۆمەتر دووجایە، ژمارەی دانیشتوانەکەی لەساڵی 2015 دا لە دوو هەزار و 100 کەس پێکهاتووە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

چه‌ند گه‌نجێك به‌خۆبه‌خشانه‌ گۆڕستانی 12 گوند له‌ گ...

چه‌ند گه‌نجێك به‌خۆبه‌خشانه‌ گۆڕستانی 12 گوند له‌ گژوگیا پاك ده‌كه‌نه‌وه‌