زیادەی نەوتیش دەنێرنە دەرەوە

پاڵاوگەکانی باشووری عێراق: بەرهەمی بەنزین دەگاتە 6 هەزار مەتر سێجا

ئەحمەد مستەفا

کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باشووری عێراق رایگەیاند، بەرهەمی رۆژانەی بەنزین دەگاتە 6 هەزار مەتر سێجا، ئەمەش بۆ دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی بازاری ناوخۆ و پاراستنی سەقامگیرییەکەی.

ئەو بڕە بەنزینە لە ناوخۆ دابین دەکرێ،  تەنیا پاڵاوگەی بەسرە 280 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێ و لەو برە بەشی بەنزین جیا دەکرێتەوە.

حوسام حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باشووری عێراق، بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئاماژەی بەوەکردووە، توانای دابینکردنی پاڵاوگەی بەسرە 280 هەزار بەرمیلە نەوتە لە رۆژێکدا کە بەشێکی بۆ بەنزین تەرخان دەکرێ.

بەڵام، بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا، ئاستی کارپێکردن بۆ 250 هەزار بەرمیل کەم کراوەتەوە.

ئەو وتی، بارودۆخی ناوچەی کەنداو کاریگەری لەسەر هەناردەکردنی بەرهەمە زیادەکان لە رێگەی بەندەری خور زوبێرەوە دروست کردووە، بۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ، دەروازە سنورییەکانی باکوور بۆ هەناردەکردنی بەشێک لەو بەرهەمانە بەکاردهێنن.