بە 27ملیار دینار ئامێدی خۆی نوێ دەکاتەوە
+964
هیڤی دێوالی – دهۆک
زیاتر لە حەوت پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی 27 ملیار دینار زیاتریش، دەڤەری ئامێدی دەبوژێتەوە، قایمقامی قەزاکەش دەڵێ: بەو پڕۆژانە کۆمەڵێک کێشەو گرفتی دەڤەرەکە چارەسەر دەبن.
لەو پڕۆژانەی کە بڕیاری لەسەردراوە دروستکردنی رێگایە بۆ هەردوو گوندی کانیکا و ئەرەدنای مەسیحی نشینن، هەروەها گوندەکانی وەرەملێ، بابیرێ، زێوە شێخ پیراموس، غلبیشێ پڕۆژەی رێگایان بۆ دەچێت.
جگە لەوانە، چەند پڕۆژەیەکی دیکەش لە هەردوو ناحیەی بامەڕنی و کانی ماسێ دروست دەکرێن، لەوانە کۆنکرێتکردنی رێگاکانی ناو ناحیەی بامەڕنێ.
وارشین سلێمان، قایمقامی ئامێدی بە +964ـی وت، هەموو ئەو پڕۆژانەو چەند پڕۆژەیەکی دیکەش هەیە کە ئەنجام دەدرێن، لەلایەن پارێزگاری دهۆک بڕیاری لێدراوەو گوژمەی 27 ملیار و 907 ملیۆن و 37 هەزار دیناری بۆ تەرخان کراوە.
بە قسەی قایمقامی ئامێدی بێت، یەکێک لەو پڕۆژانەی کە ناحیەی کانی ماسێ دەکرێت، دانانی ترۆمپایەکی پاڵپێوەنانی ئاوی خواردنەوەو دانانی تانکییەکی ئەمبارکردنی ئاوە، بەمەش بەشێک لە کێشەکانی ئاو لەو ناحیەیە چارەسەر دەبێت.
زیاتر وتی “جگە لەوە پڕۆژەی فیدەرێکی 11 کەی ڤی کارەبا لە بۆ ناحیەی کانی ماسێ دروست دەکرێت، تۆڕی کارەباش دەگەیەندرێت بە هەندێک ماڵی نوێ لە سنووری گوندەکانی قومریێ و دشێشێ”.
هەموو ئەو پڕۆژانە، بە قسەی قایمقمامی ئامێدی بێت، دراوە بە بەڵێندەرو لەلایەن کۆمپانیاکانی رەڤەند، کریستاڵ دهۆک، روین، ئیسفکا، مالدار، راستەوخۆ، ئادما، بەدرخان و شینال جێبەجێ دەکرێن.