منداڵی خوار تەمەنی شەش مانگی مەترسی لەسەرە

بەهۆی پەتای وەرزی رۆژانە 200 منداڵ لە سلێمانی دەبرێنە نەخۆشخانە

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

پەتایەکی وەرزی لەناو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە  و کە پزیشکان هەندیك حاڵەتیان بە  کۆرۆنایەکی سووک ناودەبەن، بە هۆیەوە رۆژانە نزیکەی 200 منداڵ لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی داخل دەکرێن، بەرێوەبەری نەخۆشخانەکەش دەڵێت کۆنترۆڵکراوە.

ئەو منداڵانەی داخلی نەخۆشخانەکە دەکرێن بە ماوەی جیاواز دەمێننەوە، هەیانە تەنیا 12 کاتژمێر لە نەخۆشخانە دەهێڵرێنەوە و هەشیانە زیاترە و دەگاتە 24 تا 48 کاتژمێر، بەڵام هەمویان بە تەندروستییەکی باشەوە نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە.

دکتۆر کۆیان زاهیر بەرێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بە 964ی وت، زۆربەی ئەو منداڵانەی کە لە بنەڕەتدا تەندروستیان باشە کێشەی جدییان بۆ دروست نابێت و بە ئاسانی تێیدەپەڕێنن، بەڵام ئەوانەی تەمەنیان لە خوار یەک ساڵییەوەیە پێویستیان بە چاودێری تایبەتە چونکە بەرگری لەشیان کامل نەبووە.

دکتۆر زاهیر وتیشی، ئەو منداڵانەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە، پەستانی خوێن، دڵ و سییەکانیان هەیە قورستر تووشی پەتایەکە دەبن.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان هۆشداریش دەدات کە بەرەوە وەرزی گەرما دەچین و ماوەیەکی دیکە سکچوون بڵاودەبێتەوە و ئەگەر خۆپاریزی نەکرێت رەنگە ببێت بە کۆلێرا.

دکتۆر زاهیر رێنمایی هاوڵاتیان بە تایبەت دایک و باوکان دەکات گرنگی تەواو بە پاک و خاوێنی بدەن و ماسک بە بەردەوامی لە قەرەباڵغیدا بەکار بهێنن،تەنانەت بۆ منداڵانیش، چونکە ماسک پەیوەست نییە تەنیا بە کۆرۆناوە.

دارشتنەوە: بەهرە محەمەدئەمین

پەتایەکی قورسی ڤایرۆسی لە سلێمانی بڵاوبووەتەوە

پەتایەکی قورسی ڤایرۆسی لە سلێمانی بڵاوبووەتەوە