بۆچی رۆژنامەوانان؟

ناوەندی قەیرانەکان 17 رۆژنامەوانی لەسەر “وەڵامدەرەوەی یەکەم” راهێنا

964+

ئەحمەد مستەفا

چوار رۆژە ژمارەیەک رۆژنامەوان و پەیامنێری مەیدانی لە هەولێر، سەرقاڵی مەشق و راهێنان بوون، ئەوان لەلایەن تیمەکانی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان (JCC)، لەسەر وەڵامدانەوەی یەکەم وانەیان خوێند و مەشقییان پێکرا.

رۆژنامەوانەکان، ژمارەیان 17 کەس بوو زۆرینەیان پەیامنێرانی مەیدانی بوون کە راستەوخۆ دەچنە سەر رووداوە کتوپڕەکان، سێ رۆژی یەکەم بە بیستن و پراکتیک، وانەیان لە بارەی (کۆکردنەوەی زانیاری و داتا، بڕین، جێگیرکردنی دیواری مەترسی، جۆرەکانی داروخانی بینا، جۆرەکانی شکان و گواستنەوەی بریندار و فریاگوزاری سەرەتایی) وەرگرت.

بەشداربووان لەلایەن ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان بڕوانامەیان پێدرا، کە پڕۆگرامەکە لەلایەن ئاژانسی OCHA ،THW و پڕۆگرامی INSARAG داڕێژرابوون.

کاتێک پرسیاری ئەوەم لە هێمن میرانی، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بۆچی رۆژنامەوانان، ئەو بە 964ی وت، “بەهۆی ئەوەی خۆشم کاری رۆژنامەوانیم کردووە، هەست بەوە دەکەم و دڵنیام رۆژنامەوانان پێویست بوو ئاشنای ئەوەبن، تیمەکان چۆن کاری وەڵامدەرەوەی یەکەم دەکەن لە کاتی کارەساتەکاندا کاتێک خەڵکانێک پێویستیان بە هاوکارییە، چونکە روونە بۆ روماڵ پەیامنێران و تیمەکان پێکەوە دەگەنە سەر شوێنی رووداوەکان”.

ئەو پێی وایە، رۆژنامەوانەکان سوودی گرنگییان لە راهێنانەکە بینیوە و خۆشحاڵبوو بەوەی ئاژانسی فیدڕاڵی ئەڵمانی (THW) وەک هاوبەشی سەرەکییان، رۆڵی گێڕاوە لە سەرکەوتنی کۆرسەکە بۆ رۆژنامەوانەکان و وتی، “هەرێمی کوردستان هەر زوو خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکان گونجاندووە، جگە لە مەشقی بەردەوامی تیمەکانی وەزارەت، ئێمە ئامادەین بۆ هەر داواکارییەکی دیکە گوێ لە رۆژنامەوانەکان بگرین، تا هۆشیارییان لەبارەی پرۆسەکە، لەو ئاستە بێت کە خواستییانە”.

بەڕێوەبردنی زانیارییەکان، وەڵامدانەوە و بەڕێوەبردنی قەیران، هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و فەرمانگەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێکخراوە ناحکومییەکان، هەروەها کۆکردنەوەی سەرچاوە داراییەکان و جۆرەکانی تری هاوکاری و ئاسانکاری بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە ئەرکە سەرەکییەکانی JCC یە.

تاوەکو ئێستا ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پێنج کۆگای لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەیە، بۆ کەلوپەل و ئامادەیی تیمەکانیان لە فریاکەوتنی رووداوەکان، بڕیارە لە ئیدارەی سۆران هەمان کۆگا بکرێتەوە.

وێنەکان دەرخەری راهێنان، مەشق و پێدانی بڕوانامەی تیمەکانە:

وێنەکان: گەیلان جاسم تۆماریکردوون.