یادی لەدایکبوونی شێرکۆ بێکەسە

ئەو شاعیرەی بۆنی جگەرە و بۆنی نیشتمانی بەیەکەوە کرد

964+

پێشەوا محەمەد

84 ساڵ پێش ئێستا و لە 2.5.1940ـدا، عەقڵێکی گەورەی کورد لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایک بوو، ناویان نا شێرکۆ بێکەس، کە دواتر بووە یاخیترین دەنگی شیعری و بوو بە شاعیری نیشتیمان و عەشق و ئازارەکانی کوردبوون.

ئەگەر شێرکۆ بێکەس لەدایک نەبووایە چی رووی دەدا؟ رەنگە باشترین کەس بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە بەختیار عەلی بێت، کە یەکێکی دیکەیە لە داهێنەرترین نووسەرەکانی کورد، “ئەو بێدەنگییە شیعری و ئیستاتیکییەی سەدان ساڵ پێش شێرکۆ بێکەس هەبوو هەر بەردەوام دەبوو، بەڵام شێرکۆ شکاندی و توانی ئەوەی سیاسییەکان نەیانتوانی لە رووە سیاسییەکەوە بۆ کوردی بکەن، شێرکۆ لە زمان و ئیستاتیکادا کردی”.

ئەو دەریایەک بوو لە وشە و دەربڕین، وەک کانییەکی هەمیشە هەڵقوڵاو وابوو، هەزاران لاپەڕەی نووسی و بوو بە نووسەری نووسینەوەی ئازارەکانی کوردبوون، چامەکانی ئەو بۆ کۆڕەو و هەڵەبجە و ئەنفال هێندە بەرزن، هێندە چوونەتە قووڵایی رووداوەکانەوە، مرۆڤ لەناویاندا و لەناو کارەساتەکاندا بە گەورەیی خۆی دەبینێتەوە.

عاشقبوون بە نیشتمان و جگەرەوە

رەنگە تەنیا دوانەیەک کە لە ژیانی شێرکۆ بێکەسدا هیچ کات جێگای گۆڕین و لەبیرکردن نەبووبن، نیشتمان و جگەرەکەی بووبێتن، چونکە تا دواساتەکانی ژیانیشی هەردووکیانی وەک هەمیشە لەبیر بوو و خۆشیدەویستن.

شێرکۆ شاعیرێکی نیشتمانی بوو، هەموو بەرهەمەکانی لە هیچ شوێنێکیدا نیشتمان ون نییە، ئەوکاتەی بەرگریی لێدەکات، ئەوکاتەی خۆشەویستیی لەگەڵ دەکات، ئەوکاتەی لێی دوورە و بیری دەکات، ئەوکاتەی لەناویدا دەژیت و باوەشی پێدا دەکات و تەنانەت ئەوکاتەش کە لێی بێزار و تووڕەیە و تەرەی دەکات.

زیادەڕۆیی نییە کە ئەگەر شێرکۆ بێکەس نەبووایە وێنای نیشتیمان جۆرێکی دیکە دەبوو.

بۆ جگەرەکەشی هەروابوو، خۆی لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت، جگەرە هاوکاریی گەورەی نووسینەکانی بووە، چونکە هیچ کات بیری لای ئەوە نەبووە قەڵەم بخاتە سەر کاغەز و جگەرەی پێ نەبووبێت.

ئەو کاتێک لەسەر جێگە کەوتبوو و نەخۆشی تەنگی پێهەڵچنیبوو، هەم بیری لای نیشتمانە دوورەکەی بوو، هەم پاکەتێک جگەرە لەژێر سەرینەکەی بوو، کە جار جار بۆنێکی پێوە دەکرد و پزیشکەکان لێیان قەدەغە کردبوو تەنانەت نەفەسێک جگەرەش بکێشێت.

شێرکۆ بێکەس کێیە؟

شێرکۆ بێکەس نەک تەنیا لە ئەدەبیاتی کوردیدا، بەڵکو لەناو گەلانی تریشدا ناسرا و ساڵی 1987 یەکێک لە گرنگترین خەڵاتە ئەدەبییەکانی وڵاتی سوید و جیهانی وەرگرت، کە ئەویش خەڵاتی تۆخۆڵسکی بوو بۆ شیعر.

لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، شێرکۆ بێکەس لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێیدا گرووپی روانگەیان دروستکرد و بوونە رەوت و دەنگێکی نوێی شیعری کوردی.

دامەزرێنەری دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بوو کە تا ئێستا لە کارکردن بەردەوامە.

ساڵی 2009 کۆی بەرهەمەکانی لە هەشت هەزار لاپەڕەدا چاپ کرد و دواتریش چەند دیوانێکی دیکەی نووسی. “یادەوەری پاسکیلێکی کەرکوکی” دوایین دەقی ئەو بوو، کە مەرگ رێگەی نەدا تەواوی بکات.

شێرکۆ بێجگە لە رەوتی رۆشنبیری، شۆڕش و بەرگری لە دەنگی ئازاد و ئازادی لە پێشەوەی هێڵەکەدا بوو. شاعیرێکی نوێخواز و مرۆڤدۆست و بەرگریکارێکی بەهێزی مافی ژنان بوو.

مردن و وەسیەتنامەکەی

ئەو شاعیرە لە شاری سلێمانی کێشە بۆ دەنگەژێکانی دروست دەبێت، مانگی چواری 2013 دەبرێتە وڵاتی سوید و دەردەکەوێت شێرپەنجەی سییەکانی هەیە، سەرەڕای وەرگرتنی چارەسەر، دوای سێ مانگ و 13 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات و ئەدەبیاتی کوردی یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی دەکەوێت.

بەر لە مردنی، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا وەسیەتنامەیەک رادەگەیەنێت و دەڵێت، کە دەیەوێت لەناو پارکی ئازادی بەخاک بسپێردرێت، سەر گۆڕەکەی بکرێت بە رێستۆرانت و کافێ و بە دەنگی حەمەساڵح دیلان و عەلی مەردانەوە کچ و کوڕی دڵدار بچنە سەر گۆڕەکەی و رازی دڵی خۆیان بۆ یەک بدرکێنن.

ئەو پێیخۆش بوو دوای خۆی لەو سەروەتوسامانەی جێیدەهێڵێت، خەڵاتێکی ساڵانەی شیعر بەناوی خۆیەوە ئامادە بکرێ و بدرێت بە باشترین دیوانی شیعری ساڵ.

بەڵام دوای 10 ساڵ تێپەڕین بەسەر گیانلەدەستدانیدا، تا ئێستا تەنیا ئەو بڕگەیەی وەسیەتنامەکەی جێبەجێ کراوە، کە لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی بە خاک سپێدراوە و روون نییە بڕگەکانی تری وەسیەتەکەی جێبەجێ دەکرێن یان نا.

هەر لەو چاوپێکەوتنەدا، شێرکۆ بێکەس دەڵێت، “لەو دونیا ئەوەی من دەمەوێت لە جەهەندەمە، هاوڕێکانم، کتێب، ژنی جوان، جگەرە و ئەلکحول، بۆیە من بچمە بەهەشتی چۆڵ و هۆڵ چی بکەم؟”.

شێرکۆ بێکەس لە 4.8.2013، بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە لە وڵاتی سوودی گیانی لە دەست دا.

هیوا عوسمان: هەموو ئەو شیعرانەی شێرکۆ بێکەس دەکەمە عەر...

هیوا عوسمان: هەموو ئەو شیعرانەی شێرکۆ بێکەس دەکەمە عەرەبی کە بۆ هەڵەبجەی نوسیووە