ساغکردنەوە

کۆمسیۆنی عێراق بۆ 964: کاری ئۆفیسی پارێزگاکانی هەرێم هەڵنەپەسێردراون

964+

پێشەوا محەمەد

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە، کە باس لە هەڵپەساردنی ئۆفیسەکانی کۆمیسیۆنەکە دەکات لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەممە 1.5.2024 لە بەشێک لە میدیاکان وا بڵاوکرایەوە کاری ئۆفیسەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵپەسێردرابێت، 964ـیش ئەو پرسەی ساغکردەوە.

عیماد جەمیل، بەرپرسی راگەیاندنی کۆمیسیۆنەکە بە 964ـی راگەیاند، ئۆفیسەکانیان لە هەرێمی کوردستان لە کاردان و هیچ کێشەیەکیان نییە.

وتیشی، “هیچ بڕیارێکی فەرمی نییە بۆ راگرتنی کارەکان و ئۆفیسەکان کارەکانی هەڵبژاردن بەتایبەت لە پرسی کارتی بایۆمەتریی دەنگدان و کاروبارەکانی تری پەیوەست بە هاوڵاتیان بۆ کاتی دەنگدان جێبەجێ دەکەن”.

بەپێی مەرسومی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بڕیارە 10.6.2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت.

پێشتر سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964ـی راگەیاندبوو، بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کارەکانی چاپکردنی کارتی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان تا رۆژی دووشەممەی داهاتوو راگرتووە.

چاپی کارتی دەنگدانی هەڵبژاردنی هەرێم وەستێندراوە

چاپی کارتی دەنگدانی هەڵبژاردنی هەرێم وەستێندراوە