کرێکارێک لە سلێمانی

لە شەوی جەژنی کرێکاراندا گیانی لەدەست دا


دیلان محەمەد جەزا

ئێوارەی ئەمڕۆ کرێکارێک لە کاتی کارکردن لە پرۆژەیەکی سلێمانیدا، ئامێری بەرزکردنەوەی بەسەردا کەوت و گیانی لە دەست دا، کرێکارەکە خەڵکی سوریایە.

رووداوەکە لە پرۆژەیەکدا بوو، کە لە گەڕەکی کانی با کاری تێدا دەکرێت.
عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی سلێمانی، بە 964 وت، ئێوارەی ئەمڕۆ جەگێک کەوتووەتە خوارەوە و کەوتووە بەسەری کرێکارێکدا و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.
باسی لەوەش کرد، کرێکارەکە خەڵکی سوریایە و تەمەنی 24 ساڵە، لە نهۆمی 25 ی وەیس تاوەر جەگەکە کەوتووەتە خوارەوە و بەسەریدا کەوتووە.
ئاشکراشی کرد، پرۆ‌ژەکە کەموکوڕیی زۆری تێدایە، دوێنێش لە هەمان تاوەردا جەگێکی دیکە کەوتووەتە خوارەوە، هۆکارەکەی نەبوونی سەلامەتییە لە پڕۆژەکەدا.

گیانلەدەستدانی ئەو کرێکارە لە کاتێكدایە، سبەی یەکی ئایارە و جەژنی کرێکارانی جیهانە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا